Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی باڵای یونامی دەکات

ڕۆژی دووشەممە ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح،سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران،پێشوازی لە لۆرێنز لیو، جێگری بەرپرسی دیسکی سیاسی یونامی لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەخت لە ھەماھەنگی و پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و یونامی کرایەوە و باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوایین گۆڕانکاریەکانی کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون تاووتوێ کران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران تەئکیدی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە،هیوای خواست کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.