Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بارزگانی ئەمریکا - کوردستان دەکات

ڕۆژی سێشەممە ٩ـی ئایاری ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا - کوردستان کرد

لە دیدارەکەدا دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنەکە تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ برەودان بە کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و لەبەرامبەر ئامادەیی حکومەتی ھەرێم بۆ کار و پڕۆژەکانیان دووپات کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و ڕێککەوتنی نوێی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ئاڵوگۆڕکران.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستور کرا.

ھەماھەنگی و پەیوەندی بەردەوام لە نێوان ھەردوولا و کارئاسانی بۆ وەبەرھێنەران و ڕەخساندنی زیاتر بۆ کاری وەبەرھێنان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.