Skip to the content

د.ئومێد سەباح پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی هاوکاری هەڵبژاردنەکانی یونامی دەکات

ڕۆژی چوارشەممە،١٥ی تشرینی دووومی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ د.ئەمیر ئارەین، بەڕێوەبەری نوسینگەی هاوکاری هەڵبژاردنی یونامی لە عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و یونامی کرا و جەخت لە گرنگی بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەردوولا کرایەوە، هەروەها باس لە دوا گۆرانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا و تاوتوێی سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ لای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە تەواوی ئەو ئامادەکارییانە کرا کە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گیراونەتەبەر و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و یونامیش بۆ پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بە گرنگ زانرا.

لە هەمان کاتدا جەختیش لە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کرایەوە و باسیش لەو هەنگاوانە کرا کە حکومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گرتوونییەتە بەر.