Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کۆدەبێتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا جەخت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرایەوە، هەروەها باس لە دوایین سەردانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان کرا، کە ئامانج لە سەردانەکەی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و ئامادەیی و پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا.

دوا پێشهاتە سیاسییەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پرسی بودجەی گشتی فیدراڵی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.