Skip to the content

د.ئومێد سەباح پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد.

لە دانیشتنەکەدا کە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەیی بوو، باس لە پەیوەندی مێژوویی و دۆستایەتی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەمەریکا کرا و جەخت لە هەماهەنگی و دۆستایەتی و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و دوا گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕکران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گرنگی و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا تاووتوێ کران.