Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون، بۆ هەرێم خەرج بکات

* پێویستە بەغدا مانگانە شایستە داراییەکانی هەريم بە پێی بودجە کە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە 906 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەیە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات.

* ئەنجومەنی وەزیران، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/6 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووک دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا کە بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد وناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایە ڕوو.
سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاس وپێزانینی ئاراستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد کە بە باشترین شێوە و بە داتا و زانیاری وردەوە و پشتبەست بە بەڵگە دەستووریی وقانونییەکان، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەش دووپاتکرایەوە کە حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە وشایستەکانی هەرێم، کە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێـم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە وشایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا کە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت, لە کاتێکدا لە دوای مانگی 6 ەوە ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7و8 خەرج نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25 ، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا ، داوا دەکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات،هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بە بێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت ، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر ، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت بەڵکو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.

لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف ودەسەڵات وشایستە دەستووریەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز ولایەنە سیاسیە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەند بن بە مینهاجی وەزاریی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.