Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات و داوا دەکات کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت

*سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد لەگەڵ گەیشتنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، ڕاسته‌خۆ بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/20 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی وئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریيەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز ولایەنە سیاسیەکان درا و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەن بۆ دابینکردنی مووچە خرایەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیيەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەيی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیيەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.

سەرۆکوەزیران هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەخت دان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانيیەکانیشی لە ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق كرد، کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.

سەرۆکوەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دڵنیایی دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویست پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ کراوە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.

سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریشی ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، ڕاسته‌خۆ بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی له‌بارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.