Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی داراییى فیدراڵ بەزووترین کات دوابڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات

ئەنجومەنی وەزیران:
* ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی پێویستە لە زووترین کاتدا هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەو شێوەی لەسەری ڕێكکەوتووین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/31، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى سەرۆکوەزیران لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15-19ــــــى ئه‌م مانگه‌.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. سەرۆکوەزیران گوتیشی بۆ یەکەم جار ئەمساڵ لە داڤۆس، (ماڵی کوردستان)مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری زیاتر.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بابەتی سەرەکیى کۆبوونەوەکانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم، جەختیشی کردەوە کە هاوسۆزییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بەتایبەتی کە هێرشی ناڕەوا و بێپاساو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکوەزیران دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پێشڕەو دزەیی و هەموو شەهیدانی دیکە کرد کە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە و مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بودجە، لەپێش هەموويشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجیى مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشەبودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی دروست کردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێكکەوتوین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتیى ئەم بابەتە بکرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێ کراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینیى چاودێریى دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوەته‌وه‌ بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیاريه‌تی خۆی لە بەرانبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایە ڕوو، کە تێیدا کێشە و گرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانە ڕوو بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماستەرپلان لەچوارچێوەی نەخشەی پەسەندکراو کە گرنگیيەکی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەکی درێژخایان بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابووری و ژینگەیی وکۆمەڵایەتیيەکان و دوور لە بەکارهێنانی نادروستی زەوی گشتی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی و گەشەسەندنی هەڕەمەکی و بێ پلانیی سێکتەرەکان.
وێڕای ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی دارايی تێدەپەرێت، بەڵام بەهۆی کاریگەریى ماسته‌رپلان وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و ڕێكخستنی ته‌واوی سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شار و ڕێكخستنه‌وه‌ی بە‌كارهێنانی زه‌وی و ئاراسته‌ی فراوانبوون و بووژاندنه‌وه‌ی شار، هەروەها بابه‌ته‌کە كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ركـ و ئه‌دای وه‌زاره‌تی شارەوانی و گەشتوگوزار هه‌یه‌ و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ به‌ ڕاگیراوی ماونه‌ته‌وه‌ بارگرانی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست كردووه‌.
بۆیە لە دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەگوێرەی تایبەتمەندی و توانای داراییى بەردەست ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بگیرێنە بەر.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوە، ڕەشنووسی کۆتایی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان) خرایە ڕوو کە لەلایەن لیژنەیەکی وەزاریی هاوبەش ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانە کرابوو کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سکرتاریەتیى ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەکەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانیيە لە هەرێم بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستی نێوان خاوەنکار و کرێکاری بیانی و کۆمپانیای هێنەری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەکانی هەمووان ئاشکرا بێت و لە کاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بنەماکانی پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی لەخۆ گرتووە و پێدانی هەلی کار بە کرێکاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت کە کرێکاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان لەچوارچێوەی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان بەشێکی گرنگی ڕێنماییەکە پێک دەهێنێت.