Skip to the content

ئەو شتانەی کە پێویستە بیزانیت:

  

ڤایرۆسی کۆڕۆنا چییە؟

خێزانێکە لە ڤایرۆس، چەند جۆرێکی هەیە لەنێو ئاژەڵ و مڕۆڤ دا نەخۆشی دروست دەکات.

هەندێکیان کاریگەریان زۆر کەمە و نەخۆشی سووک دروست دەکەن وەک کۆڕۆنای مڕۆیی کە دەبێتە هۆی هەڵامەت. جۆرێکی تری پێی دەڵێن سارس واتە هەوکردنی توند و تیژی هەناسە کە لەساڵی ۲۰۰۳ سەری هەڵداو لە چین و هۆنگ کۆنگ، ڕێژەی مردنی ۳۰ ٪ بوو. جۆرێکی تر پێی دەڵێن مێرس واتە کۆنیشانی توندی هەناسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەووڵاتی سعودیە و کەنداوی عەرەبی سەری هەڵدا و نزیکە ٨۰۰ کەسی کوشت و ٨ هەزار کەسی نەخۆش خست، ڕێژەی مردنی ۱۰ ٪ بوو.

ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بریتییە لە جۆرێکی نوێ کە پێشتر دەستنیشان نەکراوە لە مرۆڤدا، کە ئێستاش لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە.

 

چۆن بڵاودەبێتەوە؟

  1. لەکەسی توشبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر

    بڵاوبوونەوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە بریتیبووە لە گواستنەوەی لە کەسی توشبووەوە بۆ کەسێکی تر.
    • لەنێوان ئەو کەسانەی کە لەیەکترەوە نزیکن (لەنێوان ٦ پێ)
    •  لەڕێگەی کۆکە و پژمین

  2.  بەرکەوتن و دەستدان لەڕوو و شتی پیسبوو بەڤایرۆسەکە

    دەکرێت کەسێک بەهۆی دەستدان لە ڕووکەشێک یا شتێکی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە و دواتر دەستدان لە دەم، لووت، یا چاوی توشی ڤایرۆسەکە ببێت، بەڵام ئەوە ڕێگای سەرەکی نەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا.

 

نیشانەکانی نەخۆشیەکە:

  • تا
  • کۆکە
  • هەناسەتەنگی
  • لەرز
  • ژانەسەر
  • ژانی ماسولکەکانی لەش
  • ئازاری قورگ

چەند نیشانەیەکی دیکە، کە کەمتر باون بریتین لە  بێ هێزی، ڕشانەوە و سکچوون.

ئەگەر نەخۆشییەکە توند و قورس بوو، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و پەککەوتنی هەناسە و لەکارکەوتنی گورجیلە و ئەگەری مردن.

دەکرێت نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ١ بۆ ١٤ رۆژ دوای گرتنی ڤایرۆسەکە دەربکەون. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێشتر لە ڤایرۆسی مێرس بینراوە. 

لەکاتی بینینی ئەم نیشانانە تکایە پەیوەندی بەم هێڵە گەرمانە بکە.

 

ڕێگاکانی خۆپارێزی:

بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، باشترین رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشکەوتن بریتییە لە بەدووربوون لە ڤایرۆسەکە. تکایە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە بۆ بەدووربوون لە نەخۆشییە گوازراوەکان:

  1. زوو زوو دەست شووشتن بەئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چرکە یان بە جێڵی پاککەرەوەی دەست.
  2. دەست نەدان لەدەم، لووت، و چاو پێش شۆردنی دەستەکانت.
  3. دوورکەوە لەهەرکەسێک کەنەخۆش بێت (تا و کۆکە و ئەنفلوەنزای هەبێت).
  4. لەکاتی کۆکە و پژمین دەم و لووتت یان بەشی ناوەوەی دەستت دابپۆشە بە کلێنیکس. کلێنیکسی بەکارهاتوو ڕاستەوخۆ فرێدە ناو سەلەی زبڵ و دەستەکانت بشۆ.
  5. ئەگەر نەخۆش بوویت، تا و کۆکەت هەبوو لەماڵەوە پشوو بدە تاوەکو کەسی تر تووش نەکەیت و یارمەتی بەرگری لەشت بدەیت زوو چاکببیتەوە.
  6. گۆشت و هێلکە بەباشی بکوڵێنە بۆ دڵنیابوون لەپاکژی.
  7. زیاتر بایەخ بە خواردنی تەندروست بدە و زوو زوو ئاو بخۆرەوە تاوەکو دووربیت لەووشکبونەوە.
  8. بەڵغەم فڕێمەدە سەر زەوی، ئەوە هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە ژینگە و تووشکردنی کەسانی تر.
  9. ئەو ڕووکەش و کەرەستانەی  دەستت بەریان دەکەوێت، زوو زوو پاکیان بکەرەوە.
  10. دووربکەوەرەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و نزیک کەوتنەوە لە خەڵک.
  11. بەکار‌هێنانی ماسک بە شێوەیەکی دروست، پێویستە رووخسارت بە باشی بە ماسک دابپۆشرێت، کەمترین بۆشایی بهێڵەرەوە، دەست لە بەشی پێشەوەی ماسک مەدە تەنها بە پەتەکانی لە دەم و چاوتی بکەرەوە، پاشان فڕێی بدەرە ناو سەلەی زبڵ و خێرا دەستەکانت بشۆ، هەر کاتێک ماسکەکە تەڕ بوو یاخود شێی گرت بیگۆڕە بە ماسکێکی وشک و پاک، گۆڕینی ماسک بۆ ماوەیەک و دانانی ماسکێکی تازە.

 

پرسیارە دووبارەبووەکان:

پ: ئایا ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەگوازرێتەوە لەڕێگای کەسێک کە ڤایرۆسەکەی هەبووە؟

و: ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە کەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر. ئەو کەسەی کە ڤایرۆسەکە تێیدا هەبێت دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نەوەک کەسی چاکبووەوە.

 

پ: ئایا دژە بەکتریاکان کاریگەریان هەیە لە رێگرتن یا چاکردنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ؟

و: نەخێر. دژە بەکتریاکان کارناکەن دژی ڤایرۆس. نابێت دژە بەکتریاکان بەکاربێن وەک دەرمانێک بۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

 

پ: ئایا پێویستە ماسکی دەموچاو ببەستم بۆ خۆپاراستن؟

و: ئەو کەسانەی کە نیشانەی نەخۆشی گوازراوەیان نییە، وەکو کۆکە، پێویست ناکات ماسکی تەندروستی ببەستن. رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیازی بەکارهێنانی ماسکی دەموچاو دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێدا دەردەکەوێت، وەکو کۆکە و تا. بەکارهێنانی ماسک بۆ ئەو کەسانەی لە بنکە تەندروستییەکان کار دەکەن یاخود چاودێری کەسێکی توشبوو دەکەن زۆر گرینگە.

 

پ: ئایا ماوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا چەندە؟

و: ماوەی دەرکەوتنی نیشانەکان بریتییە لەو ماوەیەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە کەسەکەدا دەردەکەون دوای گرتنی ڤایرۆسەکە. نزیکترین خەمڵاندن بۆ ماوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بریتییە لە ١ بۆ ١٤ رۆژ، بە گشتی دوای ٥ رۆژ. ئەو خەمڵاندنانە نوێدەکرێنەوە بە بەردەستبوونی داتای زیاتر.

 

پ: ئایا مەترسی ڤایرۆسی کۆڕۆنام لەسەرە لە هەرێمی کوردستان؟

و: ئەو حالەتە لە گەشەسەندنێکی خێرا دایە و خەمڵاندنی مەترسیەکان خێرا دەگۆڕدرێن. دواترین زانیارییەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری حکومەت بڵاو دەکرێنەوە.

 

پ: ئایا شتانێک هەن من پێویستە نەیانکەم؟

و: ئەم خاڵانەی خوارەوە کاریگەر نین لەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بەڵام دەکرێت زیانبەخش بن:

  • جگەرەکێشان.
  • وەرگرتنی چارەسەرە سروشتییە کۆنەکان.
  • بەستنی چەند ماسکێک بەسەریەکەوە.
  • وەرگرتنی دەرمان بێ رێنمایی دکتۆر، وەکو دژە بەکتریاکان.