Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی بڵاو کردەوە

یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان و كاركردن بووە لەسەر پڕۆسەى چاكسازی، بۆ ئەو مەبەستە سێ ڕاپۆرت لەبارەی چاكسازیی بڵاو کردووەتەوە و لە ئێستاشدا پوختەی ئەو راپۆرتانە لە پێگەی فەرمیی حكومەت بڵاو كراوەتەوە.
راپۆرتەکە سەرنجی خستووەتە سەر ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشینی، ڕێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراوان و گیراوانی سیاسی، هەروەها ڕاپۆرتێكی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
ڕاپۆرتی ڕێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی، باس لە پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى ماف و ئیمتیازاتى میراتگرى ئەو کەسانەى کە بەدەر لە یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان سوودمەند بوون، دەکات. لەگەڵ گشت دۆسیەی شەهیدان و ئەنجامی پێداچوونەوە بە دۆسیەكان.
جگە لەمانە، پێکهێنانى لیژنەى تاقانەکانى جینۆساید بۆ وردبینى و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان، پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى زیندانیکراوی سیاسى کە بە ناوى زیندانی و گیراوى سیاسى بە پێچەوانەى یاساى هەموارکراوی ئیمتیازاتى زیندانیکراو و گیراوى سیاسیی کوردستان سوودمەند بوون، لەگەڵ پرسی کاتى مردنى زیندانیکراو و گیراوى سیاسى، کە بەپێى یاساى خانەنشینیی بەرکار لە هەرێمى کوردستان مامەڵە لەگەڵ میراتگرەکانیان دەکرێت، باس دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخستنەوەى لە ئەستۆگرتنى حکومەت بۆ خەرجیى چارەسەرى تەندرووستى و خوێندنى کوڕ و کچ و هاوسەرى شەهیدان کە هاوسەرگیرییان نەکردووەتەوە، لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ حکومى و ئەهلییەکان لەناو هەرێمدا، ڕوون کراوەتەوە.
کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى ئەو چاکسازییانەوە، لەلایەکەوە دەیەوێت مافى کەسانی شایستە و قوربانیدەرانی ڕاستەقینە بپاریزێت و لەلایەکی دیکەشەوە سوودمەندبوونی ناڕەوای بەشێک لە خەڵک لەو بوارەدا بنبڕ بکات.

لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانن راپۆرتەکە ببینن:
https://gov.krd/the-governments-mission/reforms