Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٣/٢٨ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێكەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەیبوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی و پلانەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا كرا.

سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد کە هەموو توانای خۆیان بۆ پاراستن و سەلامەتیی هاووڵاتییان خستووەتە گەڕ. جەختیشی لە دابینکردنی پێدوایستییەکانی رۆژانەی خەڵک بەتایبەتی خۆراک کردەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کارەکانی لیژنەی خۆراک و دەرمان کرا و جەختیش لە رێکخستنەوەی خەرجییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی کرایەوە و ئاماژە بە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە گەل حکومەتی فیدراڵی درا.