Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بانکی خوێن دەکات

مەسرور بارزانی:
• سوپاسێکی گەرمی هەموو پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی دەکەم کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییان.

•ئەم ماوەیە بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەستەخانە و ئامێری پێویست، نزیکەی بیست و سێ ملیار دینارمان خەرج کردووە بۆ دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای و ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە خەستەخانەکان پێویستیان پێی هەبووە. هەروەها چل ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە لایەن حکومەتەوە تەرخان کراوە کە بێگومان کاریگەریی هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە . لەم ماوەیەی کە پەتای کۆرۆناش هاتووەتە کوردستان زیاتر لە چل و پێنج ملیار دینار لە لایەن حکومەتەوە لە هەموو شارو شارۆچکە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2020/9/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی دامودەزگا حکومییەکان و نرخاندنی کۆشش و ماندووبوونەکانی کارمەندانی تەندروستی، لە شاری هەولێر سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێنی کرد.
سەرۆکی حکومەت بەشەکانی سەنتەری فریاکەوتن و بانکی خوێنی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە کێشە و خواست و داواکارییەکانیانی کۆڵییەوە و سوپاسی ماندووبوون و شەونخونی سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان هەیە، بەتایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دەدات.

ئەمەش دەقی لێدوانەکەیە:

خۆشحاڵم ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بانکی خوێنمان کرد .هەروەک دەزانن کەرتی تەندروستی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە و ئێمە زۆر مەبەستمانە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی بدەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتر بە هاووڵاتییانی خۆشەویست بگەیەنین.
وەک هەموو کەرتەکانی تر بەداخەوە بەڵام ئەم کەرتە ژێرخانێکی تەندروستیی لە سەر بنەمای ستانداردی جیهانی لە کوردستان تا ئێستا بوونی نەبووە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی و پسپۆڕەکان بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بەم کەرتە بدەین تا بتوانن زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بکەین. من لێرەوە دەمەوێ سوپاسێکی گەرمی هەموو پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی بکەم. چ ئەوانەی لەم سەنتەرانە ئیش دەکەن یان ئەوانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییان، بە تایبەتی ئێستا کە ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووین. بەداخەوە هەندێک لە پزیشک و فەرمانبەرانیش گیانیان لە دەستداوە. من
سوپاسێکی بێ پایانی هەموو ئەو پزیشک و ئەو فەرمانبەرانە دەکەم کە لە هێڵی پێشەوەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە. داوا لە هەموو هاووڵاتییانیش دەکەم لە پێناو سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان، خۆیان بپارێزن.

ئێمە لە حکومەت ئەم ماوەیە بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەستەخانە و ئامێری پێویست، نزیکەی بیست و سێ ملیار دینارمان خەرج کردووە بۆ دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای و ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە خەستەخانەکان پێویستیان پێی هەبووە. هەروەها چل ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە لایەن حکومەتەوە تەرخان کراوە کە بێگومان کاریگەریی هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە. لەم ماوەیەی کە پەتای کۆرۆناش هاتووەتە کوردستان زیاتر لە چل و پێنج ملیار دینار لە لایەن حکومەتەوە لە هەموو شارو شارۆچکە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە. ئەوەی لە سەر ئێمەیە بێگومان درێغی ناکەین و دەیکەین بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستیمان بە هاوکاری و خۆپاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان و ئەو پزیشک و فەرمانبەرە ئازیزانەی کە لە خزمەتی ئەواندان.

من جارێکی تریش سوپاسی هەمووتان دەکەم .سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆشەویستدان. هیوای سەرکەوتن و تەندروستییەکی باش بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم.