Skip to the content

كۆمپانیای نێودەوڵەتی ویسترین زاگرۆس وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستاندا دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بەمەبەستی ڕاكێشان و هاندانی گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا ڕێكەوتی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان پێشوازی لە تۆفیق شاهێن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ویسترین زاگرۆس کرد.
لە دیدارێکدا کە ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەت و ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیری سامانە سروشتییەکان لەنزیکەوە گوێبستی کاروچالاکییەکانی کۆمپانیاکە بوو ئامادەیی وەزارەتیشی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی و پاڵپشتیکردنیان بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانیان لەهەرێمی كوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ویسترین زاگرۆس، سوپاسی وەزارەتی کرد بۆ پێشکەشکردنی کار ئاسانی و هاوکارییان بۆ کارکردن لەبواری بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، لەم ڕووەوە پلان و بەرنامەکانیان لەهەرێمی کوردستان خستەڕوو.
کۆمپانیای ویسترین زاگرۆس، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە و لەچەندین کێڵگە و بلۆکی نەوتی لەوڵاتانی جیهاندا کار دەکەن و لە پلان و بەرنامەیاندایە وەبەرهێنانەکانیان لەبواری نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.