Skip to the content

غاز

 

هەرێمی کوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، کە بریتیە لە 3% ی تێکڕای یەدەگی جیهان. ئەمەش رۆڵێکی گرنگ دەدات بە پێگەی کوردستان لە بازاڕە هەرێمیەکانی غازدا.

لە ساڵی 2003ەوە، بڕێکی زۆر لە دۆزینەوەکانی غاز ئەنجامدراوە و توانای بەرهەمهێنانی غازیش سەلمێنراوە. لە کاتێکدا چالاکیەکانی بەدواداگەڕان لە چڕ بوونەوەدان، بە دڵنیاییەوە غازی زیاتر دەدۆزرێتەوە و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات.

سیاسەتی ئێمە بە پلەی یەکەم پڕکردەنەوەی پێویستیی ناوخۆییە بۆ وزەی کارەبا و بەکارهێنانە پیشەسازیەکان و ئنجا هەناردەکردن. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی عێراق کەڵک لە سامانی ژێر زەوی وەربگرن. لە ئێستادا غاز بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکار دێنین و هەروەها یارمەتی هەندێ لە پارێزگا دراوسێکانمان دەدەین لە دابینکردنی کارەبادا وەک پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و بەم زوانەش سەڵاحەدین. حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی پەرەپێداوە بۆ بەرهەمهێنانی وزە کە پشتی بەستووە بە غاز و توانای هەنوکەیی 3 گێگاواتە لەگەڵ بەرهەمهێنانی 3 گێگاواتی تریشدا لە ئایندەیەکی نزیکدا. ئەو بڕە غازەی کە زیادە بێت، بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیە ناوخۆییەکان و تۆڕی ناوخۆی غاز بەکاردەهێنرێت.

دواتر، غازی بەردەست هەناردەی تورکیا دەکرێت، کە گەورەترین بەکاربەری غازە لە ناوچەکەدا. چاوەڕواندەکرێت یەکەم هەناردەی غاز لە 2016 دا ئەنجام بدرێت، ئەمەش سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ تورکیا دەستەبەر دەکات. هەروەها، کوردستان چاوی بڕیوەتە ئەوروپاش کە پێویستی بە سەرچاوەیەکی دابینکردنی مسۆگەر و متمانەپێکراو و هەمەچەشنی غازە.

سیاسەتێکی تۆکمەمان هەیە بۆ سووتاندنی غاز. لەپێناو دڵنیابوون لەوەی کە هەموو بڕێکی غاز بەکار دێت و سووتاندیش تا کەمترین راددە دە‌هێڵرێتەوە، هانی کۆمپانیاکان دەدەین پلانیان خۆیان هەبێت بۆ لایەنی بەکارهێنانی غاز.

لەگەڵ هەبوونی 200 ترلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) لە گازی سروشتی زانراو کە هاوسنووری تەوەری ووزەی ئۆراسیایە، هەرێمی کوردستان کەوتوەتە سەر چوارڕیانی ووزە. هەر کاتێک پێویستیی ناوخۆ لە کارەبا و پرۆسەکانی پیشەسازی هاتنە دی، ئەو غازەی دەمێنێتەوە رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە بۆ بازاڕ لە رێگەی هێڵی بۆری و تۆڕی گواستنەوەی گشتگیرەوە.

لە ئێستادا چەندین کێڵگەی غاز لە پەرەپێداندان و دەزگا ناوەندیەکانی چارەسەرکردنی غازیش لە دروستکردندان. تۆڕێکی ناوخۆیی هێڵی بۆری غاز لە دروستکردندایە بۆ دابینکردنی غاز بۆ ویستگە جیاجیاکانی کارەبا و ناوچە پیشەسازیە چاوەڕوانکراوەکانی کوردستان. هەروەها ئەم تۆڕە ناوخۆییە ژمارەیەک لە کێڵگەی غازیش دەبەستێتەوە بە هێڵێکی بۆری غازی سەرەکی هەناردەکردن لە داهاتوودا.

لە ئێستادا هێڵێکی بۆری 176 کیلۆمەتری، غاز لە کێڵگەی خۆرمۆرەوە دەبات بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر و سلێمانی و بۆ خورمەڵە.

هێڵێکی بۆری 50 کیلۆمەتری غازیش لە کێڵگەی سومێڵەوە بۆ وێستگەی کارەبای دهۆک لە ٢٠١٣ ەوە تەواو بووە و  لە سەرەتای 2014 ەوە غاز دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی کارەبای دهۆک کە پێشتر بە گازوایل کاری ئیشی دەکرد. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو کەمکردنەوەی راددەی پشتبەستن بە گازۆیل بۆ ئیشپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.

بە هاتنی 2016، چاوەڕواندەکرێت بڕی گەورەی غاز بە هۆی هێڵی بۆری هەناردەکردنەوە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ببێت و لە خاڵی سنووری فیشخابوورەوە بگوازرێتەوە بەرەو تورکیا.