Skip to the content

تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە

وەزارەت بایەخ بە تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران و هاوڵاتیان دەدات لە هەرێمی کوردستان و سەرتاپای عێراقدا، و هانی پەرەپێدانی بەردەوام و درێژخایەنی سەرچاوەکانی ووڵات دەدات. لە نێو پیشەسازی ووزەدا، هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان وەک یەک هاندەدات بۆ رەچاوکردنی ووریایی تەواو و بەکار‌هێنانی رێوشوێنەکانی سەلامەتی و ئاسایش و ئامادەباشیی لە کارەکانیاندا.
پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی سێ یاسا و بەڵگەنامەوە پاڵپشتی دەکرێت: یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ یاسای نەوت و غاز؛ گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش. ئەم بەڵگەنامانە کۆمپانیاکان پاپەند دەکەن بەوەی کە پێش دەستکردن بە هەر چالاکیەکی بازرگانی یان پیشەسازی، هەڵسەنگاندنی کاریگەریی لەسەر ژینگە ئەنجام بدەن لەپێناو قەرەبووکردنەوەی هەر زەرەر و زیانێک کە بە کشتوکاڵی خاوەن زەویەکان و زەوی و زاری دەوربەریان دەگات.
بە پێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کۆمپانیاکان دەبێت پابەند بن بەوەی هەموو ساڵێک بەشداربن لە بەخشینی پارە بە سندوقی ژینگە. پێویستە لەسەریان کە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت بهێننە دی و پەیڕەوی لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە پێناو بەرگرتن لە پیسبوون و پاراستنی ژینگەدا. ئەمەش پاراستنی رووەک و ئاژەڵ و موڵک و ماڵ و ناوچەکانی کشتوکاڵ و ماسی بەخێوکردن دەگرێتەوە. لەنێو پابەندیەکانی تر کە لە گرێبەستەکاندا دانراوە قەدەغەکردنی زەرەر گەیاندن بە ژینگە دەگرێتەوە لە کاتی دروستکردنی هێڵی بۆری و هەڵوەشاندنەوە یان تەسلیمکردنەوەی ناوچەی گرێبەستدا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت.
بەم دواییانە وەزارەت بەشی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگەی دامەزراند بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی سەرەکی دەرکردنی رێنماییەکانی وەزارەت لەم ناوچانەدا.
ئەرکی بە‌شی تە‌ندروستی و سە‌لامە‌تی و ژینگە‌ بریتیە لە‌هە‌وڵدان بۆ پە‌رە‌پێدانی سە‌رچاوە هێدرۆکاربۆناتەکانی هەرێمی كوردستان ‌بە‌شێوە‌یە‌كی بەرپرسیارانە ‌لە ‌رووی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە بە‌مە‌بەستی بەتەنگەوە چوونی داواكارییە‌كانی خەڵکی ناوچەکان. ئامانجی چالاکیەکانی ئەم بەشە بریتین لە پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان (لەوانەش فرەچەشنی بایەلۆژی و نشینگەی کێوی و سە‌رچاوەکانی ئاو) و برەودان بەو چالاكیانەی کە لە رووی ژینگەییەوە سەلامەتن لەو پیشەسازیانەدا کە لە لایەن وەزارەتەوە رێنماییان بۆ دەردەکرێت، لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی سە‌رچاوە‌ سروشتیە‌كانی هە‌رێم ‌لە ‌ئاستێكی بە‌رزدا.
بە دیاریکراوی، بەشی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە هەڵدەستێت بە:
- چاودێریکردن و رێنمایی دەرکردن بۆ پیشەسازی هێدرۆکاربۆناتەکان و هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی هەڵوسوکەتی زیانبەخش لەسەر ژینگە لە هەموو قۆناغەکانی بەدواداگەڕان و گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و دووبارەبووژاندنەوەدا.
- سەرپەرشتیکردنی پیشەسازیەکە بۆ دڵنیابوون لە پەیڕەویکردنی ئەحکامەکانی یاسا کارپێکراوەکان و ستاندەرە پەسەندکراوەکان و رێنماییەکان لەپێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی و سەلامەتیدا.
- گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی رێنامایی و پەیڕەوە گونجاوەکان لەسەر مەسەلەکانی ژینگە و تەندروستی و سەلامەتی پەیوەست بە قۆستنەوەی سەرچاوە سروشتیەکانەوە لە هەرێمدا.
- یاریدەدان بۆ زامنکردنی پەرەپێدانی بەرپرسیارانەی سەرچاوە هێدرۆکاربۆنیەکان لەپێناو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستاندا.
بڕوانە بەیاننامەی ئەرکەکان ، پرەنسیپ و سیاسەتەکانی بەشی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگەی سەربە وەزارەت.
دەتوانیت لەم ووتارەدا ، کە لە لایەن د. هەڵۆ عەسکەری، بەرپرسی بەشی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگەوە نووسراوە، لەم بارەیەوە زیاتر بخوێنیتەوە.

لە ٢ی نیسانی ٢٠١٥دا، رێنمایەکانی وەزارەت ژمارە (١) سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی بۆ چالاکیەکانی پێترۆل لە وەقایعی کوردستاندا بڵاوکرانەوە. رێنماییەکان لە لاپەڕە ١٨ ی ژمارە ١٨٤ی وەقایعدا دەردەکەون. بەم پێیە، ئەم رێنماییانە ئێستا هێزی یاسایی تەواوی خۆیان هەیە و لە ٢ی نیسانی ٢٠١٥ ەوە کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە. لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکەین بە تەواوەتی رەچاو بکرێن.

وەک زۆربەتان ئاگادارن، رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی بە پرۆسەیەکی راوێژپێکردنی گشتیدا بران و لە فۆرمی رەشنووسێکدا لە پێش و لە دوای راوێژپێکردنەکە بڵاوکرانەوە. رەشنووسەکان بە مەبەستی خستەڕووی را و سەرنج لەسەریان و خوێندنەوەیان بڵاوکرانەوە و هیچ هێزێکی یاساییان نەبوو. پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیابن لەوەی کە رەچاوی وێنە فەرمیەکەی رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی بکەن کە لە وەقایعی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە.

هەروەها وەزارەت چەند پەیڕەوێکی نوێی دەکردووە دوا بە دوای رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی. پەیڕەوەکان رێبەریی و زانیاری زیاتر لەخۆ دەگرن سەبارەت بە پێداویستیەکانی ناو رێنماییەکان.

رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (وێنە رەسمیە عەرەبیەکەی لەگەڵ وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەی) و هەروەها پەیڕەوەکان ئێستا دەستەبەر کراون. هەروەها دەتوانرێت وێنە عەرەبیەکە لە وەقایعی کوردستاندا ببینرێت.

کرتە لێرە بکە بۆ وێنە رەسمیە عەرەبیەکەی رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی

کرتە لێرە بکە بۆ وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەی رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی

کرتە لێرە بکە بۆ پەیڕەوەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی

 

لە هەرێمی کوردستان، هانی کۆمپانیاکان دەدەین بۆ ئەوەی لە ناوچەی کارکردنیاندا پرۆژەکانی پشتگیری و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیی (CSR) ئەنجام بدەن، لەوانەش پرۆژە ژینگەییەکان.

کۆمپانیای تالیسمان ئێنێرجی، لە تەمموزی 2012 ەوە نزیکەی یەک ملیۆن بوتڵی خواردنەوەی پلاستیکی لە شوێنی کارکردنیاندا کۆکردووەتەوە، و کە پاشان دەیانبەنە کارگەیەکی ناوخۆیی دووبارە وەگەڕخستنەوە (ریسایکڵەر)ی پلاستیک و لەوێ دواجار لە پرۆسەیەکدا دەیانکەن بە جۆرێک لە کیس کە لەڕووی بایۆلۆژیەوە توانای شیبوونەوەی هەیە لە سروشتدا. کاتێک بەرنامەی وەگەڕخستنەوەکەی تالیسمان گەشەی کرد، کارمەندانی نووسینگەی کۆمپانیاکەش رۆژێکیان دیاریکرد بۆ پاک کردنەوەی سەیرانگایەکی ناسراوی سەر رێگەیان بۆ شوێنی کار و چالاکیە مەیدانیەکانیان.

کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵ یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا بۆ گوندنشینان لەرێگەی لێدانی بیرێکی ئاوەوە لە گوندی بێستانە، و تیمەکانی کۆکردنەوەی زبڵیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی پیسی لە گوندەکانی نزیک چالاکیەکانیان. لە هەریر، ماراسۆن ئۆیڵ یارمەتی جوانکردنی شارۆچکەکە دەدات لە رێی بەرنامەیەکی درەخت چاندنەوە.