Skip to the content

نەوت

 

لەگەڵ 45 ملیار بەرمیلی خەمڵێنراو لە نەوتی یەدەگ، هەرێمی کوردستان ئامادەیە ببێتە بەشێکی بنچینەیی بوژانەوەی عێراق و یاریکەرێکی سەرەکی لە بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا. هەرێم نیازی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و غازی هەیە بەپێی دەستووری 2005 ی عێراق و بەدیهێن.انی ئەوپەڕی سوود لەو بەرەوپێشچوونە بۆ گەلی عێراق. لەساڵی 2003 ەوە هەرێم زیاتر لە 40 کۆمپانیای وزەی لە پتر لە 30 وڵاتەوە راکێشاوە.

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتەکانی گەڕان، هەرێم بەرەو قۆناغی پەرەپێدان چوو. بەرهەمهێنانی نەوت لە 75,000 بەرمیل لە شوباتی 2011دا بۆ 200,000 بەرمیل بەرزبووەتەوە لە ئێستادا. ئامانج ئەوەیە کە لە ساڵی 2015 بگاتە 1 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانە. لەبەر ئەمە، وەبەرهێنانی سەرمایە گەشە دەکات و پێشخستنی ژێرخان دەکەوێتە سەرەوەی ئەولەویەتەکان، لەوانەش بنیاتنانی پێگەکانی بەرهەمهێنان و ئەمبارکردن و هێڵەکانی بۆری گواستنەوە و کەلوپەل و پێداویستیەکانی هەناردەکردن و پاڵاوتن و پاشکۆکانی و ژمارەیەکی زۆری دەرفەتیش لە بازاڕدا بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان وەک یەک فەراهەم دەبێت.

لەگەڵ هاتنی ساڵی 2019دا، هەرێم ئامانجی وایە 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنێت، لەو کاتەشدا وای دەبینین کە پیشەسازی نەوت و غاز بەوپەڕی توانای خۆیەوە کار بکات لە هەناردەکردنی نەوتدا بۆ بازاڕە جیهانیەکان و بە ئاراستەی چالاکیەکانی وەک پیترۆکیمیاویەکان و پەین و پیشەسازیی دیکەی پشتبەستوو بە ووزە هەنگاو بنێ. 

بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بە ملیۆنەها بەرمیل:

 

لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دووڕیانی نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، پێگەیەکی نموونەیی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەدا بۆ جیهان. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان لە قۆناغی گەڕانەوە دەچنە سەر بەرهەمهێنان، کوردستان ئامادە دەبێت ببێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان.

رێگەی نەوت لە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستانەوە پێشتر بە هێڵی بۆریەکانی کەکوک– جیهاندا تێپەڕ بووە لە رێگەی هێڵێکی دوانەیی هەناردەکردنەوە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان هێڵێکی بۆری هەناردەکردنی نوێ دروستدەکات کە بە هاتنی ساڵی 2015 لە توانایدا دەبێت 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بگوازێتەوە بۆ سنووری تورکیا. هێڵی بۆریەکە لە خورمەڵەوە درێژدەبێتەوە تا فیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی 2013 دا بکەوێتە گەڕ، و سەرەتا 150,000 بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا دەگوازێتەوە. رەفتارکردن وەک هاوبەشێکی ستراتیجی لە ناوچەکەدا، وادەکات داهاتەکانی هەناردەکردنی ووزەی کوردستان بتوانێت سوود بە هەموو عێراق بگەیەنێت.

بە مەبەستی بەستنەوە بە ژێرخانی هەناردەکردنەوە، هێڵێکی سەرەکی نوێی بۆری 81 کیلۆمەتری ناوخۆیی لە تەق تەقەوە بۆ خورمەڵە تەواو بووە. چاوەڕوان دەکرێت تا بڕی 150,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنرێت لە تەق تەقەوە – کە یەکێکە لەو کێڵگانەی سەرەتا کە پێ بنێتە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە–  بۆ خورمەڵە کە دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە پاڵاوگەی هەولێر و هێڵی بۆریەکانی هەناردەکردنەوە. هێڵی بۆریەکانی تەق تەق– خورمەڵە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات درک بە تەواوی بەرهەم و توانای هەناردەکردنی کێڵگەی تەق تەق بکات.