شەفافیەت
شەفافیەت و دادپەروەری بوونەتە بەردی بناغەی یاسا و سیاسەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازیەکانی دەرهاتوو (EITI) وەک ماددەیەک خراوەتە یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستانەوە، کە یارمەتیدەرە بۆ زامنکردنی شەفافیەت و بەڕێوەبردنی گونجاوی بودجەی داهاتەکانی نەوت. وێنەی تەواوی یاسای نەوت و غاز لە ساڵی 2007 ەوە بۆ جەماوەر بەردەستخراوە. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دڵنیایی کردوەتەوە لەوەی کە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، بە هەموو هەموارکردنەکانەوە، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ هەمووان بەردەست بن.
بەردەوام زامنکردنی شەفافیەت و ئازادی زانیاری لەنێو پیشەسازیەکەدا جۆرە وەبەرهێنانێک هاندەدات کە سوود بە هەموو عێراق بگەیەنێت.
بە پێی ماددەی 15 لە یاسای نەوت و غاز، داهاتی کێڵگەکانی ئێستا و کێڵگەکانی ئایندە ملکەچی ووردبینی سەربەخۆ دەبن و زانینیان لە لایەن هاوڵاتیانەوە رەوایە، و سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیەکان (KOTO) بەرپرسیارێتیەکانی خۆی بە پێی پرەنسیپ و پێوەرەکانی دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازیەکانی دەرهاتوو (EITI) ئەنجام دەدات، کە لە سەرچاوەی (EITI)ی ئازاری 2005 دا هاتووە. ئامانجی (EITI) یاریدەدانی هاوڵاتیانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا بۆ بەدواداچوون کردن بۆ بزاوتی نەوت و پارە.
تکایە کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی راپۆرتە پێشکەشکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازیەکانی دەرهاتووی عێراق (Iraq- EITI) بۆ ساڵی 2010.
بەداخەوە، کاتێک دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازیەکانی دەرهاتووی عێراق (Iraq- ETI) لە نیسانی 2013دا لە بەغدا دوا راپۆرتی راگەیاند، حکومەتی هەرێم و بەرپرسی باڵای سەرپەرشتیاریی بانکی نێودەوڵەتی بانگهێشت نەکرابوون و ئەنجومەنی (Iraq- EITI) بەڵگەنامەیەکی پێشکەشکرد کە ئەو چاپتەرەی باسی هەرێمی کوردستان دەکات یەکلایەنە لابرا بوو. ئەم تاکتیکە ژێربەژێرە گەڕانەوەیەکە بەرەو دواوە لە مەسەلەی شەفافیەتدا بۆ خەڵکی عێراق و ناوبانگی (EITI) لەکەدار کرد لەبەرئەوەی بێلایەنی نەپاراست لە پرۆسەی راپۆرتکردنی داهاتەکاندا.
لەپێناو زامنکردنی پرۆسەیەکی تەندەرلێدانی کێبەرکێکراو و دادپەروەرانە و شەفافدا، پرۆسەی کڕین لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێکهاتووە لە هەوڵێکی هاوبەش لە نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتدا. وەزارەت دڵناییی دەکات لەوەی کە هەموو داواکارە تۆمارکراوەکانی تەندەر بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی لەکوێدا شیاوبێت تەندەر لێبدەن، ئەمەش لەگەڵ پەیڕەویکردنی سیاسەتی دەرگای کراوەدا تاوەکو هەموو داواکارانی تەندەر یان بەڵێندەرە فەرعیەکان بتوانن نیگەرانیەکانیان بگەیەنن.
پرۆسەی کڕین لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکەوە ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە رێگەش دەدرێت بە لیژنەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە قۆناغی جیاجیادا چاودێری پرۆسەکە بکات. سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردن (کە ئەندامی وەزارەتە) لەگەڵ ئەندام و راوێژکارە هاوەڵەکانیدا پابەندن بەوەی ستراتیژی تەندەرلێدان پەسەند بکەن بۆ زامنکردنی پلانێک لەپێناو دانانی رێوشوێنێکی دادپەروەرانەی کڕیندا کە هەموو بەشدارە تۆمارکراوەکان لەخۆ بگرێت و هیچ یەکێک لە تەندەرلێدەران پەک نەخات بەبێ پاساوی بەهێز.
لە کاتی پرۆسەکەدا، راسپاردە هونەری و بازرگانیەکان لەلایەن کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکە و وەزارەتەوە هەڵدەسەنگێنرێن و دوا رەزامەندی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردنەوە، کە سەر بە وەزارەتە، وەردەگیرێت. بەشداری و راوێژی وەزارەت و کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیەکە لە پرۆسەی کڕیندا یاریدەدەر بووە لە نەشونماپێکردنی متمانە و شەفافیەت لە سیستەمەکەدا، و رێگەیداوە بە گفتوگۆی هونەری و بازرگانی کراوە کە دواجار بووەتە مایەی بەهێزکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان لە هەرێمدا لەپێناو پشتگیریکردنی چالاکیەکانی ناو کێڵگەی نەوت.