ناوەڕۆکی ناوخۆ
لەوباوەڕەداین کە بەناوخۆییکردن، گواستنەوەی شارەزایی دەگمەن لە ستافی بیانی بە ئەزموونەوە بۆ خەڵکی دانیشتوی هەرێمی کوردستان، سوودمەندە نەک تەنها بۆ خەڵک بەڵکو بۆ کۆمپانیاکانیش. بەناوخۆییکردن تاکە چارەسەرێکە بۆ وەڵامدانەوەی خواستی زۆر لەسەر کارمەندی بە ئەزموون لەکاتێکدا تێچوونەکانی راهێنان لە کەمترین راددەدا دەهێڵرێنەوە. کۆڵەکەکانی بەناوخۆییکردنی سەرکەوتوو بریتین لە قازانجی دوولایەنە، ئەنجامی خێرا، هاوکاریکردنی بەرهەمدار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان سەرقاڵی بەناوخۆییکردنی کەرتی نەوت و غازن لەرێگەی ئەنجامدانی رووپێوی و بەرنامەکانی راهێنان و کۆنترۆڵکردنی کۆچکردن و کەمکردنەوەی دامەزراندنی کارمەندی بیانی کەم شازەزاییەوە.
ئەمڕۆ، هێزی کاری پیشەسازی ناوخۆیی نەوت و غاز گەیشتووەتە 70%، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکە بە رێژەی 15% لە نیسانی 2011 ەوە. ئامانجمانە لە 2016 دا رێژەی 90%ی بەناوخۆییکردن بەدەست بهێنین.
وەزارەت هانی کۆمپانیاکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکان دەدات کارمەندی ناوخۆیی دابمەزرێنن. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشیان هەیە بە شێوازی جیا جیا بەشدار بن لە پشتگیریکردنی گەشەپێدانی شارەزایی و زانیاریدا، بۆ نموونە لەرێگەی دابینکردنی پشتگیریی دارایی بۆ زانکۆ و پەیمانگا تەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها دابینکردنی دەرفەتی کاتیی کارکردن وەک راهێنان، یان پێشکەشکردنی زەمالات بە قوتابیانی بەهرەمەند بۆ خوێندن لە دەرەوە لە بواری نەوتدا. پەرەپێدانی ناوەڕۆکی ناوخۆ لەرێگەی بەرنامەی بنیاتنانی تواناکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاری بۆ کراوە.
بە راهێنانپێکردن و دامەزراندنی ئەو کارمەندانەی کە سەر بە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانن، کۆمپانیاکان ئاسانکاری دەکەن بۆ چالاکیە ناوچەییەکانیان و دەرفەتی کاری بە بەرهەم و بەردەوامیش لە ئایندەدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان مسۆگەر دەبێت.
ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بە شێوازی جیاجیا هاوکارن لە بنیاتنانی شارەزایی ناوخۆدا. کۆمپانیای DNO ی نەوریجی، کە کارەکانی نزیک زاخۆن، یەکەمین دەرچوانی بەشی نەوتی پەیمانگای تەکنیکی زاخۆی دامەزراندووە. کۆمپانیای MOL پشتگیریی دارایی تەواوی بۆ هەشت قوتابی هەرێمی کوردستان دابین کردوە بۆ ئەوەی بڕوانامەی ماستەر لەسەر بابەتی پەیوەست بە نەوتەوە لە دوو لە باشترین زانکۆکانی هەنگاریا بەدەست بهێنن. هەردوو کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی و شاماران پێترۆلیەم، وەک بەشێک لەو پاداشتانەی دەیدەن بە بەرنامەکانی بنیاتنانی تواناکان بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کۆمەکی بەخشندەیان پێشکەش بە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق– سلێمانی کردووە.
ژمارەی کارمەندانی ناوخۆ بەرامبەر تێکڕای ژمارەی کارمەندان لە کەرتی پیشەسازی نەوت و غازدا، بۆ ساڵی 2012
رێژەی کارمەندانی ناوخۆ بەرامبەر کارمەندانی بیانی لە کەرتی پیشەسازی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، بۆ ساڵی 2012