Skip to the content

پاڵاوتن و پاشکۆکانی

بەپێی رێکەوتنێک کە لە ئەیلولی 2012 دا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا ئەنجامدرا، هەرێمی کوردستان مافی بەدەستهێنانی 17% ی بەرهەمە پاڵێوراوەکانی عێراقی هەیە، لەگەڵ 17% ی نەوتی خاوی عێراق بۆ سوتەمەنی وێستگەکانی کارەبا. بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئەم مافەی بەرهەمە پاڵێوراوەکان بە تەواوەتی دابین ناکات بۆ هەرێم.

لەپێناو بەدیهێنانی خواستی ناوخۆییمان و یارمەتیدان بۆ خزمەتکردنی پێویستیی ناوچەکانی تر، هەرێمی کوردستان گەشە بە کەرتی پاڵاوتن دەدات. لەگەڵ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی زیاتردا، توانای پاڵاوتنی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی 2013 دا نزیک دەبێتەوە لە 150,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە لەئێستادا 100,000 بەرمیلە.

ئەم وەبەرهێنانانە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدەن خواستی ناوخۆییمان بۆ بەرهەمی پاڵێوراو بەدیبێت کە بریتیە لە 130,000 بەرمیل لە رۆژێکدا، و دەرگای  ئەو ئەگەرەش دەخاتە سەر پشت بۆ خزمەتکردن و یارمەتیدانی پارێزگا دراوسێکان لە ئایندەدا.

هەردوو پاڵاوگەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی دەکرێن و بەڕێوە دەبرێن.

پاڵاوگەی کار لە نزیک شاری هەولێر، کە لەلایەن کۆمپانیای (کار)ی کوردیەوە بەڕێوە دەبرێت، لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 80,000 بەرمیلی هەیە لە رۆژێکدا، لەگەڵ پلانێکدا بۆ بەرزکردنەوەی توانا بۆ 100,000 بەرمیل لە 2014 دا.

پاڵاوگەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن کۆمپانیای (وزە پێترۆلیەم)ی کوردیەوە بەڕێوە دەبرێت، لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 34,000 بەرمیلی هەیە لە رۆژێکدا، لەگەڵ پلانێکدا بۆ بەرزکردنەوەی توانا بۆ 80,000 بەرمیل لە 2014 دا.

سەرباری ئەمەش، لە کێڵگەی تاوکێ لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای DNO ی نەرویجی خاوەنی پاڵاوگەیەکی بچووکە کە نەوتی خاو ئامادە دەکات لەپێناو دەستکەوتنی خەسڵەتی هەناردەکردندا، و توانای بەرهەمهێنانی 5,000 بەرمیلی هەیە لە رۆژێکدا.

 کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان یارمەتی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانایان، و ئەگەری ئەوەش هەیە کە لە داهاتوودا کارامەییان زیاتر بکرێت تاوەکو نەوت بگۆڕدرێتە سەر بەرهەمە سووکەکانی وەک غاز و دیزڵ.

بەرهەمهێنانی نەوت و غازی خاو بڕێکی زۆر لە کەرەستەی خاو دابین دەکات بۆ کارگە پێترۆکیمیاویەکان و کارگەکانی پەین و ئامۆنیۆم و چالاکیەکانی تری پیشەسازی پاڵاوتن و پاشکۆکانی. ئەو کۆمپانیایانەی ئارەزوویان هەیە لە کەرتی پاڵاوتن و پاشکۆکانیدا لەهەرێمی کوردستان کار بکەن، پێویستە پەیوەندی بکەن بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە.

توانای بەرزبوەوەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکان لەنێوان 2013 - 2015:

 

هەرێمی کوردستان لە میانەی بەرەوپێشچوونە خێراکەیدا، جەختی کردۆتە سەر بڵاوکردنەوەی قازانجەکان بەسەر خەڵکی عێراقدا. سیاسەتی تۆکمەی حکومەت بۆ نەسووتاندنی غاز وایکردووە تەواوی ئەو غازەی کە هەیەتی  (بە غازی هاوەڵ)یشەوە بە پلەی یەکەم بۆ بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا بەکاربهێنێت، کە ئەمەش هەرێمی کوردستان دەکاتە خاوەن گەورەترین رێژەی کارەبا لە سەرتاپای عێراقدا.

لە ساڵی 2007 دا، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا 482 مێگاوات بوو. ئەمڕۆ، نزیک بووەتەوە لە 3 گێگاوات. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا، دەشێت 3 گێگاواتی تر زیاد بکرێت بۆ تۆڕی کارەبا. ئەم زیادەیەش وا دەکات هەرێم بتوانێ ووزە بۆ پارێزگا و هەرێمە دراوسێکانیش دابین بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوایەکی پتەوی بەوە هەیە کە سەرچاوە هێدرۆکاربۆنەکان و بەرهەمهێنانی ووزە دەبێت سوود بە هەموو عێراقیەکان بگەیەنێ و بەکاربهێنرێت بۆ پتەوکردنی بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی ئاشتیخوازانە و هەماهەنگی وڵات، بەو شێوەیەی کە لە دەستووری 2005 ی عێراقیدا وێناکراوە. نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار وەبەر‌هێنانی پێوەکراوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا.

لە کاتێکدا وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا پشتیان بەستووە بە تۆرباینی غازیی جووت– سووتەمەنی کە دەکرێت بە غاز و بە دیزڵیش ئیش بکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتە سەر دانانی ئەو وێستگانەی کە بە غاز کار دەکەن چونکە خێراترین و چوستترین دەزگای بەرهەمهێنانی کارەبان، و بەهۆی ئەو غازەوە کار دەکەن کە لە خۆرمۆر و خورمەڵە و کێڵگەکانی ترەوە دابین دەکرێت.   

ئەمەش بووەتە مایەی بەرنامەیەکی متمانە پێکراوی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە ئاسانی بەرفراوان دەکرێت و خێراش گەشە دەکات. لەگەڵ بەرفراوان بوونی پلانی بەرهەمهێنانی غازدا، وێستگەی تری نوێی کارەبا غازیان بۆ دابین دەکرێت لە رێگەی تۆڕی گەشەکردووی هەرێمیی غازەوە.

هەروەها بڕوانە نەخشەی ژێرخانی ووزەی کارەبا و ژمارە و پێشبینیەکانی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا

لە کاتێکدا کە پیشەسازی پاڵاوتن و پاشکۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوان بووندا، پرۆسەی چارەسەرکردنی ناوخۆیی پێترۆکیمیاویەکان لەوانەش ئەمۆنیا و یۆریا و پەینەکان، بازرگانی ناوخۆیی و هەرێمیی وزە بەهێز دەکات. بەرفراوانبوونی دەزگاکانی پرۆسەی چارەسەرکردن بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە بەهادارانە لەخۆ بگرن بەشدار دەبێت لە کردنی هەرێمی کوردستان بە بازاڕێکی تەواوی هەمەگیری وزە لە ئایندەدا.