Skip to the content

هەولێر نیوەی پێویستیی ئاردی هەرێم دابین دەکات

لە سەرتاى دەستبەکاربوونى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلان دانرا بۆ کارکردن لەسەر ئەوەی هەرێمى کوردستان لە بەکارهێنەرەوە بکرێتە بەرهەمهێنەر، هەر لەم ڕاستایەشدا بوو "پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران" پلانى بۆ دانرا و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاى کارکردنییەوە پێى وابوو "پێویستە خه‌ڵكی كوردستان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاوی له‌ مووچه‌ و به ‌خێوکردنى بێت، خۆی ببێته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و ته‌نیا به‌كارهێنه‌ر نه‌بێت"، هەر بۆیەشە لە مانگى ١١ى ٢٠٢٠ى زایینی بەردی بناغەی پڕۆژەى "بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران" بە گوژمەى ٢٥٠ ملیۆن دۆلار و لەسەر ڕووبەری ١٢٠٠ دۆنم زەوی دانرا کە سیستەمەکەى بە شێوازى ئەلیکترۆنی دەبێت.
پرۆژەکە لە ٤٠ سایلۆ پێک دێت کە هەر یەکەیان ٥ تۆن گەنم دەگرێت و دوو کارگەی ئاردیشى لەگەڵدایە کە هەریەکەیان رۆژانە ١٠٠٠ تۆن گەنم وەردەگرن، ئەمە سەرەڕاى چەندین کارگەى گەورەى وەک کارگەی ساوار و بڕوێش و مەعکەرۆنی و پسکیت و سریلاک و عەلەف و کارگەی بنەتۆوى لەگەڵە کە لە کارگە بنەتۆکەدا گەنم پاک و بژار دەکرێت و دەخرێتە نێو فەردەوە بۆ جووتیاران.
سەربارى هەموو ئەمانەش، لە نێو پڕۆژەکەدا دوو تاقیگە دروست کراوە و تیایدا لە ڕێگەی ڕۆبۆتەوە پشکنین بۆ گەنمى جوتیاران دەکرێت و پلەبەندى و جۆرەکەیان دیارى دەکات بە شێوەیەکى دادپەروەرانە.
تا ئێستا نزیکەى شەش مانگ بەسەر دانانی بەردی بناغەی "پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران" تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەى بەردەوام ڕۆژانە ١٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، ٧٠٪ـی تەواو بووە، واتە ئێستا ١٦ سایلۆ ئامادەن کە هەر یەکەیان پێنج هەزار تۆن گەنم دەگرێت و لە ڕێکەوتى ١٥ى ئایاری ٢٠٢١ى زایینییەوە، گەنمی جووتیارانیانی بۆ وەردەگیردرێت.
یەکێک لە کێشەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ساغکردنەوەی کۆی بەرهەمی گەنمیان بوو، بەڵام ئێستا بە تەواوبوونى ئەم پڕۆژەیە، کێشەکە چارەسەر دەبێت و سوودمەندی یەکەمیش لێى جووتیاران و خەڵکى کوردستان و خوازیارانى هەلى کارن، چونکە بەهۆی گەورەیی پڕۆژەکە، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کار تێیدا، ڕۆژانە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کرێکار کە زۆربەیان خەڵکی هەرێمی کوردستان کار دەکەن. بە تەواوبوونیشى، هەلی کار بۆ ٣٠٠٠ تا ٣٥٠٠ کەس دابین دەکرێت.
شایەنى باسە ئەو ئاردەی لەو دوو کارگەیە بەرهەم دەهێنرێت، بەشی هەموو پارێزگای هەولێر دەکات، واتا چیتر هەولێر پێویستی بەوە نابێت ئارد لە دەرەوە هاوردە بکات، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پڕۆژەکە ئەوەندە بە وردی دیزایین کراوە کە تەنانەت یەک دڵۆپە ئاویشى لێ بەفیڕۆ نادرێت و هەمووی ڕیسایکل دەکرێت و دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.
سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە مەراسیمى دانانى بەردى بناغەى پڕۆەکە گوتى "ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ وا ده‌كه‌ن جووتیاران نه‌ك ته‌نیا یارمه‌تی خۆیان بده‌ن، به‌ڵكو یارمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بده‌ن. كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كه‌ نه‌ك ته‌نیا ده‌توانێت ئاسایشی خۆراكی خۆی دابین بكات، به‌ڵكو ببێته‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ش"، ئەمەش هەنگاوێکى ستراتیژییە لە ڕاستاى ئەو هەوڵ و کەمکارییانەى کە چەندین ساڵە لە بەغدا بەرامبەر جوتیارانى هەرێمى کوردستان دەکرێت و ئەم پرسەیان کردووە بە پرسێکى سیاسی و تا ئێستاش ٥٠%ـی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە خەرج نەكراوە.

لینکی ڤیدیۆی پرۆژەکە لە YouTube

https://www.youtube.com/watch?v=iwfIO8gPetQ