هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)، رۆژی دووشەممە ٢٩ی ئابی٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆکایەتی فەتاح ئەحمەدی، بریکاری وەزارەتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆکاروباری نێودەوڵەتیی و مافەکانی مرۆڤ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی و بایەخی پەیوەندیی مێژوویی گەلی کوردستان و گەلانی ئێرانی لە ئێستاو لە رابردوودا دووپات کردەوە.
فەرسەد ئەحمەد رایگەیاند:''گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە هەڵوێستی گەلان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبیرناکەن کە لە کاتی نەهامەتیەکاندا،باوەشیان بۆ مییلەتی ئێمە کردەوە.''
سەبارەت بەو بابەتە یاساییانەی کە ئامانجی سەردانەکەیان بوو، فەرسەت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بابەتانەی کە تایبەتن بە وەزارەتی داد، هاوکاری و ئاسانکاری تەواو دەکەن، ئەو بابەتانەشی کە بە وەزارەت و دەسەڵات و دەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستن هاوکاریان دەبن، چونکە رێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و ئاسانکاریی بۆهەموو هاووڵاتیانی کوردستان، و هەروەها بۆ هاووڵاتییانی وڵاتانی دراوسێ و بیانییەکانیش کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.