بۆ ئاسانکاری و خزمەتی هاووڵاتییان دادگای کارگێڕیی دهۆک دامەزرێنرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان و ئاسانکاری و نەهێشتنی ڕۆتین، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢، فرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، شیلان عارف بریکاری وەزارەتی داد، بەهزاد فەتحی ئەترووشی سەرۆکی دادگای دهۆک، سەردار یاسین سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی فەرمانگە ئیدارییەکانی دهۆک، دادگای کارگێڕیی دهۆکی کردەوە.
هەر لەمڕۆشەوە خزمەتگوزارییە دادییەکانی پێشکەش بە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات.
شایەنی باسە ئێستا بێجگە لە هەولێری پایتەخت، لە هەریەک لە سلێمانی و دهۆک، دادگای کارگێڕی دامەزرێنراون؛ کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە بڕیاردان لەو کێشانەی کە دەکەوێتە نێوان فەرمانبەران و فەرمانگەکانیان، یان بڕیاردان لەو دۆسییانەی لەنێوان هاووڵاتیان و فەرمانگە فەرمییەکاندایە.
بە کردنەوەی دادگای کارگێڕیی دهۆک، چیتر هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای دهۆک، ناچار نابن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان لە دادگای کارگێڕی، ڕێگەی هەولێری پایتەخت بگرنەبەر.