Skip to the content

وەزیری داد: مافەکانی منداڵان و ئافرەتان لە پێشینەی کارەکانمانە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی داد، لەگەڵ د. هیشام ئەلعەلەوی، سەرۆکی فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا، لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و کرێکاران باسی لێوە کرا، پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا، لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و کرێکاران، بە ئامانجی باشتر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو.
هەردوولا تێبینی خۆیان لەبارەی ڕێوشوێنەکان و ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکان خستەڕوو، لەسەر چەندین خاڵی هاوبەشیش هاوڕا بوون .
وەزیری داد، دووپاتی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و وەزارەتی داد بەتایبەتی، بایەخێکی زۆریان بە چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی منداڵان و ئافرەتان و کرێکاران داوە، و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە، بەشی مافی مرۆڤ لە وەزارەتەکاندا دانراوە، ئێستاش، دەستەی سەربەخۆی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ سەربەخۆ کار دەکات، وەزیری داد گوتی : یەکێک لە هەنگاوە دیارەکانی دیکەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، بریتی بووە لە زیادکردنی تەمەنی (بەرپرسیارێتی سزایی منداڵان) لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بۆ یازدە ساڵی، کە ئەوەش دەسکەوتێکی گەورەیە.
وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پڕۆژە گرنگەکانی وەزارەتی داد لەوبارەوە کرد و گوتی ئێستا لە هەوڵی دروستکردنی سەنتەری تایبەتین بۆ یەکتربینینی ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لە یەکتر جیابوونەتەوە، هەروەها لە هەوڵی ئەوەداین لە هەر چوار پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو سەنتەرانە دروست بکەین، چونکە بابەتی پاراستن و لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی منداڵان و ئافرەتان لە ناو کارنامەی حکومەتی هەرێمدا و لە ناو یاساکانی هەرێمی کوردستان دا، جێگەیەکی هەرە لەپێشی بۆدانراوە، ئەگەر لەو بوارەشدا هەر کەموکورتییەک هەبێت، بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنیداین.