Skip to the content

وه‌زیری داد، پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، "فەرسەت ئەحمەد" وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی داد، بە ئامادەبوونی، شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد و بەڕێوه‌بەرە گشتییەکانی وەزارەت، پێشوازیی لە " د.ئومێد سەباح" سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و شاندێکی یاوەری کرد، کە لە ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوه‌بەرانی گشتی فەرمانگەکانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتبوو.
وەزیری داد، کورتەیەکی لەبارەی ئەو پێداویستیانەی وەزارەت خستەڕوو، کە جێبەجێکردنیان خێرایی و هەماهەنگییەکی زیاتری پێویستە، هەروەها ئاماژەشی بە ژمارەیەک دیاردە و ڕێکار دا، کە لەناو ژینگەی داد و دادوەریی و پارێزەراندا، بوونی هەیە و پێویستی بە توێژینەوە و خول و هەمواری یاسا و هەماهەنگی زیاتر هەیە .
دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران له‌ وته‌یه‌كیدا گوتی " وەزارەتی داد یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەک لەو وەزارەتانەیە کە داهاتی لە خەرجییەکانی زیاترە و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی یاسایی و گرنگ پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات"
دکتۆر ئومێد سەباح، داوای لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و پەیمانگەی دادوەریی و ئەنجوومەنی شورا و بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان کرد، سەبارەت بە پێداویستییەکانیان و هەندێ بابەتی یاسایی دیکەی تایبەتمەند، توێژینەوە و ڕاپۆرتێکی وردی بۆ ئامادە بکەن، لەو بارەوە ڕایگەیاند " دەبێت داواکاری گشتی ڕۆڵێکی کاراتری هەبێت و بە باشترین و کاریگەرترین شێوە یاساکەی خۆی جێبەجێ بکات" .
لە بارەی بە سیستەمکردنی بەڵگەنامەکانی تۆماری خانووبەرە و هەندێ دەزگه‌ی دیکە، دووپاتی لەوە کردەوە تا یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی تەواو نەکرێت و بەرکار نەکرێت، ناکرێت بەڵگەنامە یاساییەکانی دیکە بکرێنە ئەلیکترۆنی،ئاماژەشی بە کاری باشی تەواوکردنی کارتی ئەو زەویانە کرد کە تەواو کراون، لەوبارەوە داوای ڕاپۆرتێکی وردی لە بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە کرد، هەروەها داوای کرد کە دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت، تۆکمەتر بکرێت و پاراستنی مافی منداڵ و خێزان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەندێک دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی، له‌ لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ كاری زیاتری بۆبکرێت .