وەزیری داد لەگەڵ ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی هۆڵەندا کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا ، دووپاتی کردەوە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بینا کراوە، زۆر باشترە لەوەی لە بەشەکانی تری عێراق هەیە، هەر بۆیە بەهاندانی سیاسی، دادگای فیدراڵی عێراق، بیانووی سەیر بە یاساکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، کاتێک دەڵێت یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە، ئەوەش لە کاتێکدا لە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ ی عێراق، داوا لە هەرێمی کوردستان کراوە، نەوت دەربکات و بڕێک لە داهاتەکەی بۆ بەغدا بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت، ئەوا مانگانە لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕن" .
وەزیری داد ئەو قسانەی لە کاتی پێشوازیکردن لە ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی هۆڵەندا، " ستەر فیلهلمینا فان دن هوفیل" و ژەنەڕاڵ بارت ڤان دن هوفیل، ڕاوێژکاری سەربازی وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد و، ڕایگەیاند: " ئەو بیانووە سیاسیانەی دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە کە ماددەکانی (١١٠) و(١١١)و (١١٢) (١١٥) ی دەستووری عێراقی بە ڕوونی مافی ئەوەی بە هەرێمی کوردستان داوە کە نەوت بەرهەمبهێنێت، دەسەلمێنێت، کە یاسای نەوت و غاز و هەموو بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان لە بارەی دەرهێنانی نەوت و بەرهەمهێنانی، کارێکی دەستووری بوون، و بەدەق دەڵێت کە نەوت و غاز دەسەڵاتی ئێمەیە" .
دادوەری دادگای تێهەڵچوونەوەی هۆڵەندی لە وتەکانیدا دووپاتی کردەوە کە "زۆرمان پێخۆشە لەگەڵ وەزیرێکی داد دانیشتووین کە ساڵانێکی زۆر ئەزموونی بواری یاسا و دادوەریی هەیە و دەشزانین کە لە داڕشتنی زۆربەی زۆری یاساکانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە، توانیوتانە سیستمێک بۆخۆتان دابنێن کە لە نموونەکەی بەغدا زۆر جیاوازترە، تێبینیشم کردووە کە دەتانەوێت کەڵک لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرن لە بواری یاسا و دادگاکاندا" ..
گەشەپێدانی پەیمانگەی دادوەریی و پێگەیاندنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی، و بایەخدانی ئەندامانی داواکاری گشتی بە چاودێریکردنی چاکسازییەکان و بوونیان لە دادگاکاندا، هەروەها کار و چالاکییەکانی سەنتەری توێژینەوەی یاسایی وەزارەتی داد و چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" و چەندین کتێبی زانستی یاسایی، بابەتی دیکەی دیدار و پیشوازییەکە بوو .