کونسۆڵی گشتی تورکیا سەردانی وەزارەتی دادی کرد
هەولێر،هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRD)- ڕۆژی (دووشەممە ٧ی ئاداری٢٠٢٢) فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەتی داد، لەگەڵ هاکان کاراچای، کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەوە.
کێشەی یاسایی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی تورکیا و دواکەوتنی تەواوبوونی دۆسییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی دیدار و کۆبوونەوەکە بوو .
لەو بارەیەوە وەزیری داد دووپاتی لەوە کردەوە، وەزارەتی داد بە پێی ماددەکانی یاسای «بنەما دادگەرییە سزاییەکان» ژمارە (٢٣)ی ساڵی ١٩٧١، مامەڵە لەگەڵ دۆسییەی یاسایی هاووڵاتیانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکات ،ئەوەش هەمان یاسای بەرکارە لە هەموو عێراقدا، و ڕوونیکردەوە، کە هۆکاری دواکەوتنی دۆسییەکانیشیان، بۆ هەبوونی کەموکورتی لە پەڕاوی دەعواکانە، بە تایبەت کە هەندێک لە بەڵگەنامەکانیان، کۆپی بوون، یان ئامادە نەکراون، و کەمبوون، کاتێک لە تورکیاوە یان لە بەغداوە بۆ ئێرە نێردراون، هەربۆیە هۆکاری دواکەوتنی دۆسییەکان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە»
وەزیری داد ئاماژەشی بەوەدا کە بەهەوڵ و هەماهەنگی وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای بازرگانی دانا، ئەوەش بۆ خێرا یەکلایی کردنەوەی کێشە یاساییەکانی بواری ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان، کاریگەری باشی دەبێت.
هاکان کاراچای کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی نیشاندا بۆ بەدەنگەوە چوونی وەزیری داد بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیی ، و دانانی دادگای بازرگانی لەهەرێمی کوردستانی بە هەنگاوێکی باش لەقەڵەمدا.