سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بەدواداچوون بۆ کاری بنکەکانی پۆلیس و چاکسازییەکان دهكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRG)- سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، چوار لیژنەی مەیدانی پێکهێناوە، بەدواداچوون بۆ کاری بنکەکانی پۆلیس و چاکسازییەکان دەکات.
دووان لەو لیژنانە، لەلایەن خودی سەرۆکی داواکاری گشتییەوە، دادوەر کاوە فەتحی مەعسووم سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ دەکرێن.
کە یەکێکیان، بۆ سەردانیکردنی مەیدانیە بۆ چاکسازییەکان و دووەمیان بەدواداچوونە بۆ کەیسەکانی ئاسایش بە گشتی و ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەتی.
لیژنەی سێیەم و چوارەمیش بەدواداچوونی مەیدانیی دەکەن بۆ ڕەوشی بنکەکانی پۆلیس، هەردوو لیژنەکە لە سێ دادوەری ئەندامی داواکاری گشتی پێکهاتوون، کە بنکەکانی پۆلیس دەپشکنن، لە دواکەوتنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەکۆڵنەوە، بەدواداچوون بۆ دواکەوتنی دۆسیەکان و مامهڵهی هاووڵاتیان دەکەن، ههروهها لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان کردووە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی گوایە لە بنکەکانی پۆلیس، مامهڵهی خەڵک دوادەخرێت و دەستکاری دەکرێت. کاری خۆیان لە هەردوو بنکەکانی توندوتیژی (قەڵا)و (منارە)ش چڕ کردۆتەوە.
هەروەها لیژنەی بەدواداچوون بۆ هەردوو چاکسازییەکانی (گەوران )و (ئافرەتان و نەوجەوانان) بەردەوامن لەبەدواداچوون بۆ کەموکورتییەکانی چاکسازییەکان و داواکاری و کێشەکانی ڕاگیراوان و سزادراوان، و چاوخشاندنەوە بە ژمارەی سزادراوان، و لە هۆکاری دواکەوتنی هەندێ لە دۆسییەکانیش، لێکۆڵینەوەیان کردووە.
لەوبارەیەوە، دادوەر کاوە فەتحی مەعسووم، سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : «له دوای مانگی شوباتەوە ئەو لیژنانە پێکهێنراوە و کاری ئەو لیژنانە بەردەوام دەبێت، بە چاودێری وەزیری داد و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار لیژنهكان كاری خۆیان ئهنجام دهدهن ، لە داهاتووشدا دەرەنجامی کارەکان بە ڕاپۆرتێک پێشکەش بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت».