وەزارەتی داد سێیەمین کۆنفڕانسی زانستی بەڕێوەدەبات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بڕیارە لە رۆژی سێشەممە – ١/١١/٢٠٢٢، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمین کۆنفڕانسی خۆی بە "ئۆنلاین" بەڕێوەببات، کۆنفڕانسەکە ئەم دروشمەی هەیە: " توێژینەوەکانی یاسای بەراوردکاری، کۆڵەگەی پەرەپێدانی سیستمی یاسا نیشتیمانییەکانن".
لە کۆنفرانسەکەدا چەندین توێژینەوە پێشکەش دەکرێن، بەمەبەستی گەیشتن بە خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ رەوشی یاسایی لە دەوڵەتە جیاجیاکان و لە بوارە جیاوازەکاندا، بەو ئامانجەی لە رێگەی زانست و ئەزمونی یاسایی سەرکەواتوانەی وڵاتانی دیکەوە، هەرێمی کوردستانیش بتوانێت یاساکانی و دەزگە و دامەزراوە دادگەریی و دادییەکانی گەشەپێبدات.
کۆنفڕانسەکە لە ژێرچاودێری، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "فەرسەت ئەحمەد" دەبێت و ئەم تەوەرانە لەخۆدەگرێت: بنەچەکانی لێکۆلینەوە بەراودکارییەکانی قانون، توێژینەوەی یاسای لە بواری قانونی مەدەنی، و قانونی گشتی (دەستوری و کارگێری)، و قانونی سزاکان، و یاسای بەراودکاریی و یاسای نێودەوڵەتی تایبەت، و یاسای نیودەوڵەتی گشتی، یاسای بەراودکاریی و مێژوویی سیستمی یاسایی و جڤاکی، سیستمی دادگەریی بەراودکاریی و سیستم و یاسادانراوە باوەکانی جیهان، بیرۆکەی یاسایی گەورە و شوێنکەوتنی ئاسەواری گواستنەوەیان لە نێوان یاساکاندا، یاسای بیانی و گرنگی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان، هەروەها، یاسای بەراودکار و کاریگەری لەسەر پێکهێنانی رێساکانی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەتیابەتی ئەوانەی تایبەتن بە بازرگانی نێودەوڵەتی.
توێژینەوەکان تا ١-٨-٢٠٢٢ وەردەگیرێن و تا ١٥-٨-٢٠٢٢ پشتگیری بەشداریکردن دەکرێت، و کۆتا رێکەوتی وەرگرتنی تەواوی توێژینەوە و بەشداریکردنەکان لە ١٥-٩-٢٠٢٢ دەبێت، هەروەها ئەو توێژینەوانەی لە کۆنفرانسەکەدا رەزامەندیان لەسەر دەدرێت لە دوای هەڵسەنگاندنی زانستی لە گۆڤاری " گرێبەستی کۆمەڵایەتی" بڵاودەکرێنەوە.
لەوبارەیەوە د. محەمەد سلێمان، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، لەبارەی بیرۆکەی تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە بە ماڵپەری وەزارەتی دادی راگەیاند: " توێژینەوەی یاسایی بەراوردكار بەردی بناغەیە، لە بوارەكانی توێژینەوەی یاسایی، چونكە گرنگی هەیە لە گواستنەوەی ئەزموون و بیرۆكە یاساییەكان و سوود وەرگرتن لێیان لە سەرجەم بوارەكانی یاسادا، گواستنەوەی زانینە یاساییەكان و پێویستی یاسادانەر بۆ پەرەپێدانی سیستەمی یاسایی، وای كردووە پرۆسەی بەراوردكاری نێوان یاساكان باشترین رێگە بێت بۆ دەستنیشانكردنی باشترینیان"
توێژینەوەکان بۆ ئەم ناونیشانە دەنێردرێت :
prof.alahmed@gmail.com
hadishengary@gmail.com