بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی حکومیی دامەزراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێوەبەرایەتی "جێبەجێكردنی دووی هەولێر" یەكێكە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی "فەرمانگە دادیەكان"ی سەر بەوەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٠ دامەزرێنراوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی حکومی.
لە سەرەتای کارەکانیانەوە لەوەزارەتی داراییەوە بەگشتی، و لە قەرزی بانکەكانەوە بەتایبەتی دەستی پێکردووە , لە ماوەیەکی كورتدا (54 ) موڵكیان خستۆتە موزایەدەوە و (50) موڵكی وەزارەتی داراییشیان، لە بری قەرز وەرگرتۆتەوە، و (4) موڵكیش فرۆشراون و داهاتەكانیان بۆ وەزارەتی دارایی گەڕێنراونەتەوە. ئێستا (39) موڵكی تر لە موزایەدەن كە ئامادەنەبوون قەرزی حكومەت لەكاتی خۆیدا بدەنەوە .
ئەوەش لەچوارچێوەی یاسا و بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆیەمە ,لەبەر زۆری دۆسیەكانی جێبەجێكردن و كاریگەری لەسەر پەككەوتن و دواكەوتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكان و دیكۆمێنتەكانی جێبەجێكردن , بۆپاراستنی مافی حكومەت و هاووڵاتی، بڕیاری كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە درا.
بەر لە کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، قەرزی حکومەت لەلای کۆمپانیاکان و گەورە بازرگانەکان، بەشێوەیەکی جیاوازتر وەرگیراوەتەوە کە پارێزگار و قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، هەریەكە و بەگوێرەی شوێن و پسپۆری خۆیان، دەسەڵاتیان هەبووە كە ئەو داهاتانە كۆبكەنەوە، ئەمەش وایكردبوو پەرش وبڵاوی و ناڕێکییەک هەبێت، چونکە نەدەتوانرا كۆنترۆڵ بكرێ، بەڵام ئێستا توانراوە ڕێكخستن و یەكخستنەوە و گێڕانەوەی ئەو قەرزانە باشتر و ئاسانتر بێت.