Skip to the content

شاندێکی هۆڵەندی و دانیمارکی بۆ هەماهەنگی سەردانی وەزارەتی دادیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، شاندێکی هۆڵەندی و دانیمارکی کە لە پسپۆڕانی بواری ڕاستاندن و پەسەندکردن پێکهاتبوون، سەردانی وەزارەتی دادیان کرد و لە نزیکەوە لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی بەڕێوبەرایەتیی ڕاستاندن و پەسەندکردن لە دیوانی وەزارەتی داد وردبوونەوە.

سەردانی شاندەکە بەو مەبەستە بوو کە لە نزیکەوە پڕۆسەی ڕستاندن و پەسەندکردن لە وەزارەتی داد ببینن، بۆ ئەوەی لە هۆڵەنداو دانیمارک، باشتر بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوێ پێشکەشی دەکەن.

لەوبارەیەوە لەلایەن وەزارەتی دادەوە، دڵنیایی تەواویان پێدرا کە ڕاستاندن و پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان بە چەندین کۆنتڕۆڵدا تێدەپەڕێت و بە وردی چاودێریی یاساییبوون و پەسەندکردنیان دەکرێت.

کۆبوونەوەکە لەگەڵ شاندە پسپۆڕە ئەوروپییەکە، بەسەرپەرشتیی دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتیی داد بەڕێوەچوو. کە هەریەک لە کرمانج عوسمان ڕاوێژکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و عەبدولڕەزاق جەلال بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راستاندنی بەڵگەنامەکان و نەریمان تاڵیب بەرێوبەری ڕاگەیاندن ئامادەی بوون.