Skip to the content

ڕێنمایی نوێ لەبارەی سەرپەرشتی و چاودێریی ناکامەکان بڵاوکرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی داد پاڵپشت بە ڕێوشوێنە یاساییەکان، چەند ڕێنماییەکی نوێی لەبارەی سەرپەرشتی و چاودێریکردنی ناکامەکان بڵاوکردووەتەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

وەزارەتی داد، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێیدراوە و بەپێی ماددەی ١٠٥ لە یاسای چاودێریی ناكامەكان ژمارە ٧٨ی ساڵی ١٩٨٠ی هەمواركراو، ئەم ڕێنماییانەی خوارەوەی دەركردووە:

1- دوای ڕەزامەندیی فەرمانگەی چاودێریی ناكامانی تایبەتمەند، سەرپەشتیاری ناكام دەتوانێ یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ناكام بكڕێت (شوققە یان خانوو) كە دەكەونە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە ٤یساڵی ٢٠٠٦، بە سەربەخۆیی یان هاوبەشی لەگەڵ خوشك یان براكانی ناكام، یان دایكی، بەمەرجێك بینایەكە تەواو و ئامادە بێت بۆ نیشتەجێبوون.
2- دەبێت ناوی ناكامی سەرپەرشتیكراو لەناو گرێبەستی كڕینەكە هاتبێت، کە لەلایەن وەبەرهێن یان خاوەن موڵكی یەكەی نیشتەجێبوونی فرۆشراو رێكخراوە و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان یان لقەكانی پەسەندكرابێت، هەروەها دەبێ ئەم رستەیەی تێدا بنووسرێت: "نابێ هیچ رەفتارێكی یاسایی لەسەربكرێت كە مافی لایەنێكی تر بخاتە سەر یەكەی نیشتەجێبوونەكە، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمانگەی چاودێریی ناكامانی تایبەتمەند".
3- پێویستە سەرپەرشتیاری ناكام رێكارەكانی تۆماركردن بەناوی ناكام لە فەرمانگەی تۆماركردنی خانوو و بەرەی تایبەتمەند تەواوبكات، هەركاتێك لایەنی وەبەرهێن ڕایگەیاند كە ئەو كۆمەڵگەیەی یەكەی نیشتەجێبوونەكەی تێدایە، دەتوانن تۆماریان بكەن و خاوەندارێتیی یەكە نیشتەجێبووەكان بگوازنەوە بۆ كڕیارەكان.
4 -وێنەیەك لەم ڕێنماییە هاوپێچی گرێبەستی كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت و سەرپەرشتیاری ناكام واژووی لەسەر دەكات.