Skip to the content

دادبینی له‌ دادگه‌ی نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٥ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، له‌ دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونى فرسه‌ت ئه‌حمه‌د، وه‌زیری داد و عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دادبینی له‌ دادگه‌ی نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌ندامانی دادگه‌ی پێداچوونه‌وه‌ و كونسولی گشتيی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێم و نوێنه‌ری ڕێكخراوی یونیسێف و نوێنه‌ری كونسولی به‌ریتانیا و نوێنه‌ری ڕێكخراوی KFW و سه‌رۆكی دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و ژماره‌یه‌كی زۆر دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی له‌ دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر ئاماده‌ بوون.
له‌ سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ ناوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، گوتاری به‌خێرهێنان خوێندرایه‌وه‌ و سوپاسی كونسولخانه‌ی ئه‌ڵمانیا، ڕێكخراوی یونیسێف و ڕێكخراوى KFW كرا، كه‌ هاوكار و پاڵپشتیی سه‌ره‌كيی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بوون و داوایان لێ كرا له‌و پرۆژانه‌ به‌رده‌وام بن بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
دواتر گوتاری سه‌رۆكی دادگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر و ڕێكخراوی یونیسێف و كونسولی ئه‌ڵمانیا و ڕێكخراوی KFW كه‌ پاڵپشتيی سه‌ره‌كيی ئه‌و پرۆژه‌یه‌، خوێندرانه‌وه‌. له‌و گوتارانه‌دا ئاماژه‌ به‌ گرنگيی ئه‌نجامدانی دادگاییكرنی ئۆنلاین كرا، كه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بنه‌ما یاساییه‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌درێن و ڕه‌خساندنی كه‌شوهه‌وا و زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ تۆمه‌تباری گه‌نج، كه‌ دوور له‌ هه‌موو فشارێكی ده‌ره‌كی و ده‌روونی له‌ دادبینیيه‌كان به‌شدار بێت. له‌ كۆتایيی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، هۆڵی دادبینيی نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر كه‌ پرۆژه‌كه‌ تێیدا ئه‌نجام دراوه‌، به‌سه‌ر كرایه‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری داوای كرد ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ دادگه‌كانی دیكه‌ى هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێ بكرێت و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا له‌و بوارانه‌دا به‌رده‌وام بێت.