Skip to the content

وۆرکشۆپی "بنیادنانی تواناکان لەسەر ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە" له‌ كاره‌كانى به‌رده‌وامه‌

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە دانیشتنی یەکەمی وۆرکشۆپی "بنیادنانی تواناکان لەسەر ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە"، دکتۆر هیشام نەسر، پسپۆڕی باڵای لێکۆڵینەوە و دادوەری، بابەتێکی نوێی بە ناونیشانی (لێکۆڵینەوە لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان) پێشکەش کرد و دووپاتی لەوە کردەوە کە: بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، پێویستە لێکۆڵەر بۆ گەیشتن بە بەڵگە و سەلماندنی تاوانەکە، پرۆسەی بەدواداچوونی بەرەودوا جێبەجێ بکات، لەناو مۆبایل یان کۆمپیوتەری تاوانلێکراودا، هەروەها ڕایگەیاند: ئەو یاسایەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی (یاسای ژمارە (٦) ی ساڵی ٢٠٠٨، یاسای قەدەغەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، تاكوو ئێستا عێراق نییەتی، گوتیشى: هەرچەندە یاساکە تایبەت نییە بە تاوانە ئەليکترۆنییەکان، بەڵام یاسایەکی باشە و لە مادەکانی (٢،٣،٦)، بە دەق باسی خراپبەکارهێنانی ئینتەرنێتی کردووە و سزای بۆ داناوە.

بابەتی دووەمى وۆركشۆپه‌كه‌ بە ناونيشانى ( دادگەريی ئەليکترۆنی و بەڵگەی دیجیتاڵی)، لەلایەن دادوەر (دادیار حەمید سلێمان)ه‌وه‌ پێشکەش کرا.
كه‌ باسی له‌ دادگه‌ ئەليکترۆنییەکانی وڵاتانی ئەمه‌ریکا، ئیمارات و ئوردون کرد، کە چۆن لەو وڵاتانه‌ پرۆسەی دادبینی، لێکۆلینەوە، حوکمدان و سەلماندنی بەڵگەی ئەليکترۆنی، ته‌نانه‌ت جیابوونەوەی هاوسه‌ره‌كانيش لە ڕێگەی ئەليکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت و واژۆى ئەليکترۆنی هەیە.
ناوبراو گوتيشى: هەبوونی دادگه‌ی ئەليکترۆنی بە مانای تەواوبوونی لاپەرەکان نییە، بەڵکوو سوودوەرگرتنی زیاترە لە سیستمە ئەليکترۆنییەکان، هەروەها دانانی یاسای تایبەتی نوێی پێویستە. ئاماژەی بەوە دا کە: لە قۆناغی پێشکەوتووی دادگه‌ی ئەليکترۆنیدا، هەموو کەس دەتوانێت، دانیشتنی ئەو دادگەرییانە ببینێت کە ئاشکران، لە ڕێگەی ئینتەرنێت و ئۆنلاینەوە. جگه‌ له‌وه‌ى سیستمەکە پرۆسەی دادگاییکردن خێراتر دەکات.