Skip to the content

بەشی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران لە وەزارەتی داد کرایەوە

لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی، بە جۆرێک کە ئیشوکارەکان باشتربن و خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکرێت، وەزارەتی داد لە بڕیارێکی نوێیدا، ناوی (یەکەی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران)ی گۆڕی بۆ (بەشی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران)، کە ڕاستەوخۆ سەر بە نووسینگەی وەزیری داد دەبێت و بە هەماهەنگیی بەڕێوبەرایەتیی کاروباری یاسایی، کارەکانی ڕایی دەکرێت.

ئەم بڕیارە لە (بەیان) ی ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٢٤ دا هاتووە کە لە ژمارە (٣٢٧)ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان – ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستان، لە (١١/١١/٢٠٢٤) دا بڵاوکراوەتەوە، هەربۆیە بڕیارەکە لەو مێژووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر بە بەیانی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ و بەیانی ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی داد، تایبەت کرابوو بە کردنەوە و بەستنەوەی (یەکەی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران) بە نووسینگەی وەزیری دادەوە.
ئەندامی داواکاری گشتی، بەدرەدین کەریم بەرزنجی، سەرپەرشتیی کاروباری بەشەکە دەکات، پاڵپشت بە مادەی (١٥) لە یاسای داواکاری گشتی.

ئیشوکارەکانی بەشی ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران، پەیوەندی بە مادەکانی (٣٥٢) و (٣٦٨)ی ( یاسای بنەماکانی دادگای سزایی)دا داهاتووە، کە پەیوەستن بە بابەتی ڕادەستکردنی تۆمەتباران و (جێکاری دادوەری).
یەکێک لە ئەرکەکانی بەشەکە، تەماشاکردن و وردبینیکردنی دۆسیەی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوە تاوانێکییان ئەنجامداوە و وڵاتەکەی خۆیان بەجێدەهێڵن و هەڵدێن و دێنە عێراق یان هەرێمی کوردستان. پاش ئەوەی کە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کەسە دەردەچێت، ئەو بەشە تایبەتمەندە بەوەی کە لە ڕێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە، دۆسیەی ڕادەستکردنەکەی لە وڵاتەکەی خۆی وەردەگرێت و ئیشی لەسەر دەکات.

ئەرکێکی دیکەی ئەو بەشە سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی ماوەی بەسەربردنی سزای سزادراوانێکە لە زیندانی وڵاتێکی ترەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها سەرپەرشتیی ئەو داوایانەش دەکات کە لە دەرەوەی عێراقەوە تۆمارکرابن بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنەکانی داواکە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بوون.

لە ئێستادا بەشی (ڕادەستکردن و داواکردنی تۆمەتباران و تاوانباران) لە وەزارەتی داد، نزیکەی (٢٨٠) دۆسیەی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە.