وهزيرى داد: ئهگەر دەستوور سەروەر نەبوو ئەوکات سەروەريی یاسا زامنکراو نابێت
ڕۆژى چوارشهممه ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به ئامادهبوونى شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد و بەدرەدین بەرزنجی، ئەندامی داواکاری گشتی ئامادەی بوون، پێشوازى له دکتۆر محەمەد ئەلتەمیمی، شارەزای نێودەوڵەتيی بواری ئامادەکردن و داڕشتنی ستراتیژیجیەکان كرد.
وهزيرى داد دووپاتی لەوە کردەوە کە: پێویستە پێگیری هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، چونکە سەروەريی یاسا، بە سەروەریی دەستوور و پێبەندبوون بە ئەحکامەکانهوه بەدی دێت، هەروەها ڕایگەیاند: گەر دەستوور سەروەری نەبوو، ئەوکات سەروەريی یاسا زامنکراو نابێت و مافی هاووڵاتیانیش پارێزراو نابێت.
لەو دیدارەدا هەنگاوەکانی دانان و ئامادەکردنی ستراتیجی تایبەت بە سەروەريی یاسا و ئیشوکارەکانی تیمی نیشتمانيی عێراقی و هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی نیشتمانيی پتەوکردنی سەروەريی یاسا باسیان لێوە کرا.
وەکوو بەشێک لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی یاسا و پتەوکردنی زياترى سەروەری یاسا، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (١٦١٣٦لە ١٩/١١/٢٠٢٤)، بڕیاری لە پێکهێنانی تیمێکی نیشتمانيی هەرێمی کوردستان داوە، بە ئامانجی دانان و نووسینەوە و جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ پتەوکردنی سەروەری یاسا.