Skip to the content

وۆركشۆپێک بۆ بنیادنانی تواناکان لەسەر ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ژماره‌يه‌ك دادوه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ( یوئێندیپی)، لە چوارچێوەی پرۆژەی (ناوبژیوانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق)، وۆركشۆپێک بۆ بنیادنانی تواناکان لەسەر ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە بۆ (٣٠) دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، واتا له‌ ڕۆژى چوارشەممە ٤ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، تاكوو ڕۆژى هه‌ينى ٦ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤.
وۆركشۆپه‌كه‌ بەشێکە لە پرۆژەی یەکێتيی ئەورووپا بە ناونیشانی (پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکانی دادپەروەری بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی و بەهێزکردنی چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان).
لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنەکەدا، د. عوسمان یاسین، بەڕێوه‌بەری گشتيی پەیمانگەی دادوەری، گوتەیەکی پێشکەش کرد و کورتەیەکی لەبارەی وۆركشۆپه‌كه‌ و ئامانجەکانی خستەڕوو، کە بۆ بەهێزکردنی تواناکانە لە بواری لێکۆڵینەوەدا، ئاماژەشی بەوە دا کە یەک لە ئەرکەکانی پەیمانگەی دادوەری، بەپێی یاسا سازدانی مەشق و بەهێزکردنی تواناکانی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتییە.
لە یەکەمین وانەی وۆركشۆپه‌كه‌دا د. هیشام نەسر، پسپۆڕی باڵای لێکۆڵینەوە و دادوەری، بابەتێکی بە ناونیشانی "تاوانە ئەليکترۆنییەکان" پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسى له‌ بنەماکانی کۆمپیوتەر و ئەو سیستمە یاساییانەی کە بەڕێوەیان دەبات، كرد. هه‌روه‌ها باسی له‌ چەمکی داتا و بزاوتی داتاکان و تاوانە ئەليکترۆنییەکان، تاوانی سپیکردنەوەی پارە، پارەی ئەليکترۆنی و جۆرەکانی تاوانی ئەليکترۆنی کرد.
لە وانەی دووەمدا، مەنار حەداد، هەماهەنگکار لە ڕێکخراوی یوئێندیپی، لەگەڵ لایەنە حکومیيەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بابەتێکی بە ناونیشانی "سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی سۆشیالمیدیا"وه‌ پێشکەش کرد، و باسى له‌ ڕێگه‌كانى سپيكردنه‌وه‌ى پاره‌ كرد.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌ دوو ڕێگه‌ كرد، بۆ سپيكردنه‌وه‌ى پاره‌. یەکەمیان دروستکارانی ناوەرۆکی سۆشیالمیدیا لە ڕێگەی ڕیکلامەکانەوە، دووەمیان دروستکارانی ناوەرۆک لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە. هه‌روه‌ها باسى له‌و شێواز و ڕێگەیانه‌ش كرد کە چۆن لە ڕێگەی پۆپجی، فەیسبووک و تیکتۆکەوە، تاوانی سپیکردنەوەی پارە ئەنجام دەدرێت.
هەر لە یەکەمین ڕۆژی وۆركشۆپەکەدا، دکتۆر هیشام نەسر، پسپۆڕی باڵای لێکۆڵینەوە و دادوەری، بابەتی سێیەمی بە ناونیشانی (تاوانە ئەليکترۆنییەکان، پێناسە و ئاڵنگاريی یاسایی) پێشکەش کرد. بە وردی باسی لە جۆرەکانی تاوانە ئەليکترۆنییەکان، بەڵگە دیجیتاڵییەکان، کێشەکانی تاوانە ئەليکترۆنییەکان و جیاوازیيان لەگەڵ تاوانە کلاسیکییەکان کرد.