Skip to the content

وۆرکشۆپی "کۆکردنەوە و شیکاری داتاکانی تاوان" بەڕێوەچوو

ڕۆژی دووشەمە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی ڕێکخراوی یوئێندیپی لە عێراق، وۆرکشۆپێکی بە ناونیشانی (کۆکردنەوە و شیکاری داتاکانی تاوان)، بۆ ٢٥ ئەندامی داواکاری گشتی و فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی داواکاری گشتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان دەست پێ کرد، کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، کە ئامانج لێی ڕاهێنانی تەکنیکییە لەسەر پەرەپێدان و کارپێکردن و بەکارهێنانی داتابەیسی یەکگرتووی کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتکردنی تاوانەکان.

لەو وۆرکشۆپەدا کە دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و فەرمانبەرانی ئامار و ئایتی سەر بە فەرمانگەکانی داواکاری گشتی بەشدارن، لەبارەی دانانی ژێرخانی پێشکەوتوو بۆ سیستمی دیجیتاڵی و داتابەیس و دیزاینکردن و دامەزراندن و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، وانە پێشکەشی بەشداربووان دەکرێت، هەروەها لەبارەی پرۆتۆکۆڵەکانی کۆکردنەوە و چەسپاندنی زانیاریی ستاندارد ڕوون دەکرێتەوە و فێری ئەوەش دەکرێن کە چۆن ئۆتۆماتیکی زانیاییەکان وەردەگرن و یەکیان دەخەن، ڕاهێنانیشیان پێ دەکرێت لەسەر دانانی تۆڕی وەرگرتنی زانیاری و بەکارهێنانی (API) و پرۆسەکانی ( ETL). تەوەرێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە لەبارەی شیکاری ئامار و ناسینەوەی شێوازی تاوان و شێوازەکانی پۆلێنکردنی تاوانەکان و هەڵگرتنی داتا لەبارەی دووبارەبوونەوەی تاوان.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە یەکەمین ڕۆژدا، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی مایکل کوریا، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای یاسایی و دیجیتاڵکردن لە ڕێکخراوی (UNDP) لە عێراق، سێ بابەتی پیشکەش کرد.