وەزارەتی داد پرۆسەی ژماردن ئەنجام دەدات
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر نزیکبوونەوەی کۆتاییی ساڵی داراییی ٢٠٢٤، پرۆسەی ژماردن ئەنجام دەدات.
لە گشتاندنێکدا داوا لە هەموو سەرۆکایەتی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی داد کراوە کە هەموو هەبووەکان و کەلوپەلی ناو ئەمبارەکانیان جەرد بکەن.
لەو گشتاندنە داواکراوە پرۆسەی جەردکردنی گشت کۆگاکان پێش کۆتاییهاتنی ساڵی داراییی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێک بهێنرێت و لە ڕۆژانی ژماردنیشدا دەبێت پرۆسەی بردنەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەبووەکان لە کۆگەکاندا ڕابگیرێت.
هەروەها پرۆسەکە جەردکردنی خەزێنەی فەرمانگەکانیش دەگرێتەوە، لەوەدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە هەموو خەزنەکان لە کۆتاییی ڕۆژی ٣١-١٢-٢٠٢٤ بەتاڵ بکرێن، هەروەها دوایین چەکی بەکارهاتووی ٢٠٢٤ تۆماربکرێت، دواژمارەی یاداشتی یەکلاکردنەوە، ڕێگەپێدان و وەرگرتن تۆماربکرێن. هەر ناتەواوییەکیش کە ئەگەر هەبوو، پێویستە تۆماربکرێت و بنووسرێت.