Skip to the content

پێنجه‌مين كۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تيى ناوەندی توێژینەوەی یاسایی سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتايى هات

بە چاودێريى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتيی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی ١و ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە شارى هەولێر، پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد به‌ دروشمی (توێژینەوە نێوانییەکان لە جیهانی یاسادا، سیمای توێژینەوە سەردەمییەکانە)، به‌ ئاماده‌بوونى عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و سەردار یاسین حه‌مه‌دئه‌مین و ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمی و ڕاوێژکارانی وەزارەت و مامۆستایانی زانکۆ لە هەموو شارەکانی کوردستان و چەندین توێژەری یاسایی لە ناوەوە و ده‌ره‌وه‌ى عێراق، بە ئامانجی دۆزینەوەی پەیوەنديی نوێ لە نێوان زانستی یاسا و زانستەکانی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، دارایی، ئابووری، پزیشکی، مێژوو، سایکۆلۆجیا، ژیريی دەستکرد، وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بواری وەرزش و ژینگە و هونەر لەگەڵ یاسادا بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژی یەکەمدا، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەکوو نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتەی دەستپێکی پێشکەش کرد. ئینجا وەزیری داد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە: لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی داد لە پاڵ ئەنجامدانی چەندین کار و چالاکی، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەت دامەزراند، کە لە ماوەیەکی کەمدا بووە سەرچاوەیەک بۆ فیقهی یاسا و کانییەک بۆ تازەکردنەوەی هزر و بۆچوونی فەقیهەکانی یاسا لە عێراق، وڵاتانی عەرەبی و بیانی، لە هەموو بوارەکانی یاسا وەکوو زانست، یاسادانان و دادوەری.
وەزیری داد ڕایگەیاند کە "ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، هاوشانی ئەو پێشکەوتنە ڕێی کردووە کە جیهان لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا و ڕۆشنبیریدا بەخۆیەوە بینیوە. ناوەندەکە ئەو ئەرکەی بە باشترین شێوە بەجێ گەیاندووە، ئەویش لە ڕێگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک په‌رتووك و نامیلکە و دەرکردنی گۆڤاری (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)، هەروەها چەندین کۆنفرانس و سیمیناری زانستی و کۆڕ و کۆبوونەوە و مێزی بازنەیی، بۆ چەندین بابەتی زانستيی یاسایی بەڕێوە بردووە. لەم سۆنگەیەش بەڕێزیان بایەخدان و پاڵپشتيی گەورەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستانيان بۆ ناوەنده‌كه‌ بەرز نرخاند.
دواتر محه‌مه‌د سلێمان ئه‌لئه‌حمه‌د، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، گوتاری بە ناوی سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاريی کۆنفرانسەکە خوێندەوە و باسی له‌ ئامانج و ناوەرۆک و توێژینەوەکانی کۆنفرانسەکە کرد.
لە ڕۆژی دووەم و کۆتایيی کۆنفرانسەکەدا، بڕوانامە بەسەر بەشداربووان و ئامادەکارانی کۆنفرانسه‌كه‌ دابەشکرا. هەروەها ژمارەیەک پسپۆڕی یاسایی کوردستان و عێراق، خەڵاتی قەڵغانی ڕێزلێنانی وەزارەتی دادیان پێ بەخشرا.
بە خوێندنەوەی بەیاننامەی کۆتایی و گوتەیەک لەلایەن وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات، کە تێيدا باسی له‌ گرنگيی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کرد لە نزیکخستنەوەی گەلانی ناوچەکە و دەوڵەمەندکردنی زانستی یاسا و پێشخستنی سیسته‌می یاسایی و یاسادانانی کۆمەڵگەکان و وڵاتانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە لەم کۆنفرانسەدا ژمارەیەک لە پسپۆڕان لە زانکۆکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی هاتبوون، ئەمەش وای کرد زۆر بابەت و کێشە یاسایی و دەستورییەکانی ئەمڕۆی عێراق باشتر بۆ ئەوان ڕوون ببێتەوە، بە تایبەتی پەیوەنديی دەستووريی فیدراڵی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و کێشەی نەوت و گاز..
لە کۆنفرانسەکەدا (٥٢) باس و توێژینەوە پێشکەش کران بە بەشداری (٥٨) پسپۆڕی بوارە جیاجیاکانی یاسا و یاساناسان لە هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی عەرەبی، فەرەنسا، چین و کەنەدا.
لە پاڵ توێژینەوەکاندا لە ڕۆژانی کۆنفرانسەکە چەندین بابەتی یاسایيی گرنگ پێشکەش کران، لەوانە (سۆز و یاسا)، كه‌ لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر حسامه‌دين ئه‌لئه‌هوانى) پێشکەش کرا. هه‌روه‌ها بابەتی (شیکاری ئابووریيانە بۆ یاسا)، كه‌ لەلایەن (پرۆفیسۆر دکتۆر حارس ئەلدەباغ)ه‌وه‌ پێشکەش کرا. هەروەها بابەتی ( پەیوەنديی تێکئاڵاوی نێوان پزیشکی دادی و یاسا)، كه‌ لەلایەن دادوەر ڕیاز عەلی، لە زانکۆی سۆرینى فه‌ره‌نساييه‌وه‌ بە ئۆنلاین پێشکەش کرا.