وەزیری داد: وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان بەرپرسیارێتیەکی نیشتمانی و یاساییە
ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکدا داوایەک لە هەموو فەرمانبەرانی وەزارەتی داد و ئەندامانی خێزانەکانیان دەکات.
لەو گشتاندنەدا وەزیری داد داوا دەکات فەرمانبەران و ئەو ئەندامانەی خێزانەکانیان کە تەمەنی یاسایی بۆ دەنگدان دەیانگرێتەوە، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدانیان، سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن.
وەزیری داد لەو گشتاندنەدا ڕایگەیاندووە "ئەنجامدانی ئەو کارە لەسەر فەرمانبەرانی وەزارەت وەکو بەرپرسیارێتیەکی نیشتیمانی و یاسایی هەژمار دەکرێت."
لە هەمان گشتاندندا داوا لە هەموو سەرۆکایەتی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی داد کراوە، کە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، گشت فەرمانبەرانیان ئاگەدار بکەنەوە، چونکە کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە نزیک بووەتەوە کە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان دیاریکراوە.