Skip to the content

شاندێکی دادوەریی فەرەنسا سەردانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد

رۆژی سێشەممە ٦ی شووباتی ٢٠٢٤ ، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یان بریم، کۆنسۆڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر کرد، کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی یاسایی و دادوەریی فەرەنسا سەردانی دیوانی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد . 

شاندەکە پێکهاتبوو لە رێجیس پییەر، جێگری سەرۆک و دادوەری لێکۆڵێنەوەی دژە تیرۆری فەرەنسی و بنیامین شامپری، جێگری داواکاری گشتی فەرەنسی و  ئالان جوون، لە فەرماندەی پۆلیسی فەرەنسی و  عەمید مۆیلەر رۆمۆڵد، هەماهەنگکاری ئاسایش لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا.

ئامانج لەو سەردانە بۆ وەرگرتنی (ئیفادە) و تەواو کردنی رێکارە یاساییەکانی دۆسیەی یەک لە قوربانییەکانی کوردانی ئێزدییە بەناوی ( ر. ن) ، کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بەدەستی دوو چەکداری داعشی فەرەنسی (هەڵگری وڵاتینامەی فرەنسی ) تاوانی جەنگی لە بەرامبەر ئەنجامدرابوو و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو شاندەوە ( ئیفادەی) قوربانییەکە وەربگیرێتەوە، و فایلەکەی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی هەردوو تاوانبارەکە لەلایەن داگاکاکانی فەرەنساوە بە ئامادەبوونی قوربانیەکە و پارێزەرەکانی، لە پاریس دادگایی بکرێت و مافی یاسایی خۆی وەربگرێت و مافی ئەو قوربانییە کوردە ئێزییدیەی دەستی داعش بسەلمێنرێت و نەفەوتێت . 

وەزیری داد ئامادەی وەزارەتی دووپات کردەوە بۆ هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک لە رێکارەکاندا بۆ سەرخستنی کەیسەکە و بۆ میوانەکانی دوپات کردەوە کە بایەخدانی دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا بەو کەیسە، نیشانەی دادپەروەرێتی دادوەری فەرەنسییە و، رایگەیاند کە ئەوان زۆر باوەڕیان بە دادپەروەرێتی دادوەری فەرەنسی هەیە، بۆ سەرخستنی ئەو کەیسە و هەرجۆرە کەیسێكی دیکەی قوربانیانی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی، وەکو وەزارەتی دادیش، ئامادەی هەموو هاوکارییەکن.  

فەرسەت ئەحمەد رایگەیاند : " ئێمە دادپەروەری دادوەری فەرەنسی دەناسین، بۆ گەلی کوردستانیش زۆر گرنگە کە قەزای فەرەنسی هاتۆتە کوردستان بۆ ئەوەی ئیدانەی هاووڵاتییەکی فەرەنسی بکات لەسەر ئەو تاوانانەی جەنگ کە بەرامبەر ئافرەتێکی کوردی ئێزیدی ئەنجامیان داوە".