Skip to the content

وەزیری داد دەسەڵاتی دادنووسی بەخشییە حەوت فەرمانبەر

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی پێدانی دەسەڵاتی دادنووسی بە ٧ فەرمانبەر، رایگەیاند:"پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دادنووسی، یەک لە ئەرکە گرنگەکانی وەزارەتی دادە و پێویستە ئێوە لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بن کە وەزارەتی داد پێیداون، و دەبێت بە پێی یاساکان و رێنماییەکان بەڵگەنامەکان واژوو بکەن.''

وەزیری داد راشیگەیاند :" بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان دەکرێت تەجاوزی رۆتین بکەن، بەڵام هیچ کات تەجاوزی یاسا نەکەن " .

پاش ئەوەی رێکارەکانی دەست نیشانکردنیان تەواو بوو، رۆژی چوارشەممە ٧ی شووباتی ٢٠٢٤، وەزیری داد دەسەڵاتی دادوەری بەخشییە ئەوان و لە رێوڕەسمێکدا لە دیوانی وەزارەتی داد بەئامادەبوونی دادوەر هەڵمەت سامی جەبار، بەڕێوبەری گشتی داد بەوەکالەت، ئەو ٧ دادنووسە سوێندی یاساییان لەبەردەم وەزیری داد پێشکەش کرد .

هەریەک لە ئەژین عەبدولخالق مامە، تریفە ئەحمەد، پەخشان عەبدولکەریم تاهیر، شڤان عەبدولڕەحمان عەزیز، زوهێر سادق فەقۆ، شەکێوعەبدولقادر حەمید و سیروان ئیسماعیل عەبدولقادر، دەسەڵاتی دادنوسیان پێدرا.

پاش تەواوکردنی ساڵێک لە ئەرکی دادنووسیدا، وەکو دادنووس دەستنیشان دەکرێن و لە ئێستادا لە فەرمانگەکانی دادنووسی ئێوارانی هەولێر و بەحرکە و دەشتی هەولێر دەست بەکار دەبن .
هەرلە رێورەسمەکەدا وەزیری داد دووپاتی کردەوە کە دەبێت ئەوان وەکو دادنووس ئاگایان لە پێگە وهەیبەت و دەوامکردن هەبێت و دەبێت نموونە بن، چونکە هەڵبژاردنی ئەوان پاش دیراسەتکردنی ورد بووە.

فەرسەت ئەحمەد راشیگەیاند :'' لە وەزارەت هەوڵمانداوە کە کەسی شیاو بۆ شوینی شیاو دەست نیشان بکەین، لەوەشدا ئامانجمانە کە باشترین خزمەتگوازری بە هاووڵاتییان پێشکەش بکەین، دەبێت ئێوەش وەڵامی هەموو کەس بدەنەوە و بە روویەکی گەشەوە مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن ، چونکە من و ئێوەش ئەگەر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان نەبوایە، لەم پلەوپایەدا دانەدەمەزراین، ئەمانەتی ئێوە و هاووڵاتییان کە بەوپەڕی رێزەوە مەمەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" .