Skip to the content

هۆبەی تۆمارکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرایەوە

بە واژۆی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرسەت ئەحمەد عەبدووڵا، بڕیار درا بە کردنەوەی هۆبەی تۆماری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان، بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرجەم پرۆژە نیشتەجێکانی وەبەرهێنان. 
بە پێی (بەیانی) ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٢٤)ـی وەزارەتی داد بە ژمارە (٢٠/٣٢٥٣) لە (٩/٧/٢٠٢٤)، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران -ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە (٦٣٢) لە (٣/٣/٢٠٢٤)، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی بە پێی مادەی (٩) لە یاسای وەزارەتی داد ژمارە (١٣)ی ساڵی (٢٠٠٧) و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزیری دادەوە واژۆ کراوە. 
کە بە پێی بەیانەکە، لێپرسراو و فەرمانبەرانی ئەو هۆبانە تەواو تەرخان دەکرێن (تفرغ) بۆ تۆمارکردنی کاروبارەکانی (یەکبوون و جیاکردنەوەی) سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون.
ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.