وەزیری داد لەگەڵ كونسولى گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر کۆبووهوه
ڕۆژى يهكشهممه ٢٢ى ئهيلوولى ٢٠٢٤، فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵا، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی شیلان عارف، بریکاری وەزارەت، پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر، كونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و شاندێکی ياوهرى کرد، كه پێكهاتبوو له جریس ماسۆن، بەڕێوهبەری پرۆگرامی عێراق لە نووسینگەی نەهێشتنی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا، تامی وایزەر، یاریدەدەری پاشکۆی یاسایی و زەهیب ڕەشید، بەرپرسی سیاسی له كونسولخانهى ئهمهريكا.
له كۆبوونهوهكهدا چەندین بابەتی جێگەی بایەخى هەردوولا گفتوگۆيان لهبارهوه كرا، وهك فراوانکردنی هاوکاريی هاوبەش، لە بوارەکانی کردنەوە و سازکردنی خول و وۆرکشۆپی پەرەپێدانی تواناکان و گەشەپێدانی فەرمانبەرانی یاسایی و دادی و ئەندامانی داواکاری گشتی، هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر چۆنيهتيى هاریکاریکردن بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیمانگەی دادوەريی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە ڕووی گەشەپێدانی توانستی مامۆستا و وانەبێژ و خولە بەردەوامەکانی شیاندنی دەرچووان و وانەبێژانی پەیمانگەی دادوەری و پارێزەران.
لای خۆیەوە كونسولی گشتيی ئەمهریکا، سوپاسی وەزیری دادی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئامادەن بۆ هەموو هاوکارییەک، لە پێناوی پەرەپێدان و گەشەپێدانی مرۆیی و دەزگهکانی سەر بە وەزارەتی داد، بە تایبەتی پەیمانگەی دادوەری و داواکاری گشتی.