سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی (٢٢ی ئابی) سلێمانی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەرێـمی کوردستان، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکەی شەوی (٢١/ ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥)ی، سلێمانی بکات و داواشی کردووە کە لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا مافی هەمووان بپارێزرێت.
ڕۆژی دووشەمە، ٢٥ ئابی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی (٢٢ / ٢١ی ئابی)ی سلێمانی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە تیایدا جەختی کردۆتەوە کە: "بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاریی کردووە؛ کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نائارامی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاووڵاتییان، لە چوارچێوەی بنەما دەستووری و یاساییەکان. هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان و کەڕامەت و ئازادی هاووڵاتییان پارێزراو بێت".
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لەهەرێمی کوردستاندا هاتووە: "جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خاوەن پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی بکەن".
هەروەها داواکاری گشتی دووپاتی کردۆتەوە: "وەک ئاشکرایە لای هەموو لایەک، کە یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یاساکان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادییەکان و ئاسایشی هاووڵاتییان و پێویستە هەمووکەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت. بۆیە پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتیی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێریی ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) و پاراستنی ســەروەریی یاسا و باش پیادەکردنی حوکمەکانی و چاودێریی جێبەجێ کردنی بڕیارەکان، بە پێی ماددەی (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتیی هەموارکراو، بۆیە جەخت دەکەینەوە، لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشییەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستورییەکان بکات، لە پاراستنی گیان و کەڕامەتی هاووڵاتییان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستووردا هاتووە".
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە :
وەک ئاشکرایە لای هەموو لایەک کە یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یاساکان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادیەکان و ئاسایشی هاووڵاتییان و پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت. بۆیە پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتیی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێریی ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) و پاراستنی ســەروەریی یاسا و باش پیادەکردنی حوکمەکانی و چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکان، بە پێی ماددەی (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتیی هەموارکراو، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشییەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستووریەکان بکات، لە پاراستنی گیان و کەڕامەتی هاووڵاتییان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستووردا هاتووە.
بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە، کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نائارامی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاووڵاتییان، لە چوارچێوەی بنەما دەستووری و یاساییەکان، هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان و کەڕامەت و ئازادی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
لێرەدا جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خاوەن پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی بکەن.
فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانیی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١لەسەر ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور.