Skip to the content

نوێنەری وەزارەتی داد لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی ونبووانی هەڵەبجە بەشدار بوو

ڕۆژی دووشەمە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، وەک نوێنەری وەزارەتی داد، بەشداربوو لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە؛ کە بە سەرپەرشتیی عەبدوڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆسییەی ونبووان، چۆنێتیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان لیژنە باڵاکەی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی پەیوەندیداری حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، هەروەها ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاپۆرت و فەرمانە دەرچووەکان لە بەغدا، کە پەیوەندییان بە دۆسییەی وونبوانەوە هەیە، تاووتوێ کرا.

لیژنەی باڵای دۆزینەوەی ونبووانی هەڵەبجە، لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە، وەزارەتی داد و ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەندامێتییەکەیدا بەشدارن.