Skip to the content

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لەسەر ئاستی دادوەری ڕووبەڕووی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەبنەوە

لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لە ڕۆژانی، ١٥-١٦-١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری، سەردانی فەرەنسایان کرد.

شاندەکە پێکهاتبوو، لە ژیمان محەمەد ئەحمەد نوێنەری وەزارەتی داد، داوەری داواکاری گشتی و بەرپرسی یەکەی دۆسییەکانی ڕادەستکردنی تۆمەتباران لە وەزارەتی داد، دادوەر د.ئاوات حاجی سەرۆکی دادگای تاوانەکانی کەرکووک - گەرمیان، دادوەر دانا مەحمود حەمەساڵح دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای سلێمانی/٨؛ شاندەکەی هەرێمی کوردستان سەردانی ژمارەیەک دادگا و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە شارەکانی (دونکیرک و کۆکیل)ی فەرەنسایان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک دادوەر و بەرپرسی دادوەری و پۆلیسی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. هەروەها بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسی سنووری کۆکیل، پشکنینی شوێنی ڕووداوی یەکێک لە کەیسەکانیان کرد.

شاندە هاوبەشەکەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی تێوەگلانی هەندێک پەنابەری کورد لەو کەیسانەدا، بەرچاوڕوونی تەواویان بە دەزگا داد و دادوەرییەکانی فرەنسا دا؛ دووپاتیشیان کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جدی ڕێگری لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەنگاوی جدی یاسایی جێبەجێ کردووە.

دادوەر و بەرپرسانی دادوەریی فەڕەنساش، پێزانینیان بۆ هەڵوێست و بایەخدان و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان هەبوو، بۆ ناردنی ئەم شاندەی هەرێم بۆ فەڕەنسا و گرنگیدان بە یەکلاییکردنەوەی ئەم کەیسانە.