Skip to the content

هەنگاوەکانی وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆ لە سێ بەڕێوەبەرایەتیی دیوانی وەزارەتی داد دەستی پێکرد

بەمەبەستی باشترکردنی ئاستی دەزگا ئیدارییەکان و وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆ، وەزارەتی داد لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا، کە ئەمڕۆ دووشەمە - 8ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەرانی ئەو سێ بەڕێوبەرایەتییە ئامادەبوون کە لە دەستپێکی ئەو پڕۆسەیەدا، کار بۆ بەدەستخستنی ئەو بڕوانامە نێودەوڵەتییە دەکەن، ئەوانیش بەڕێوەبەرانی، پەرەپێدان، دڵنیایی جۆری و ڕاگەیاندنن؛ کە ئامانجیانە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتیی
( ISO 9001- 2015)ی بواری سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری بۆ ئەو سێ بەڕێوبەرایەتییە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی وەرگرتنی بڕوانامەکە باس کرا، لەبارەی شێوەی کارکردن بۆ ئەو ئامانجە ڕاوبۆچوونی بەسوود خرایە ڕوو؛ بڕیاریشدرا کە هەفتانە درێژە بەو کۆبوونەوانە بدرێت.

لە ڕۆژانی 3 - 6ی تشرینی دووەمی 2025یش، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی ئەو سێ بەڕێوبەرایەتییەی دیوانی وەزارەتی داد، لە خولێکی تایبەتی ناساندنی ئایزۆ بەشدارییان کردبوو، کە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتیی کەسانی شارەزا و ڕاهێنەری بواری ئایزۆ "مەولەوی جەبار" سازی کردبوو.