Skip to the content

له‌ وه‌زاره‌تى داد سيمينارێك له‌ژێر ناونيشانى "مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا" پێشکەش کرا

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ى شوباتى ٢٠٢٥، لە هۆڵی دیوانی وەزارەتی داد، کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، سيمينارێكى لەبارەی "مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا"، پێشکەش کرد، کە یەکەی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی داد ڕێکی خستبوو.
ناوبراو باسی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کرد کە بەسەر مافەکانی مرۆڤ و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیدا هاتوون، هه‌روه‌ها ئەو کاریگەرییە یاساییانەشی ڕوون کردەوە، کە ئەمڕۆ یاساکان و ڕێکەوتننامەکانی مافەکانی مرۆڤ، توانیویانە لەسەر ڕەوشی نێودەوڵەتی، باری ناوخۆیيی وڵاتان، شەڕ و ئاشتیدا دایبنێن.

ڕاوێژكاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى داد باسی قۆناغەکانی گەشەکردنی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و گۆڕینی بۆ ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بۆ یەکەمجار دەستوەردانی مرۆیی بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، کە بۆ پاراستنی ئه‌و گه‌له‌ بوو لە هێرشەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، هەروەها باسی ڕەوشی ئێستای مافەکانی مرۆڤی لە عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیيەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ نه‌بوونه‌ته‌ بەشێک لەو یاسایانەی کە لە عێراق دەردەچن، ناوبراو گوتى: لە دواى ٢٠٠٥ەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٧ یاسا دەرچوون، کە هەندێک لە مادەکانی دژی مافی ئافرەتانن، هەروەها گوتی: عێراق بەردەوام ئەو مافانەی گەلی کوردستان پێشێل دەکات کە لە دەستووری ٢٠٠٥دا جێگیر کراون و بەردەوام هەوڵ دەدات سیما و بنەماکانی فیدراڵیبوون لە عێراقی نوێ بسڕێتەوە، بە تایبەتی دەسەڵاتە داراییەکان کە سیمایەکی سەرەکيی چەسپاندنی فیدراڵییە.