Skip to the content

وه‌زاره‌تى داد: پەیمانگەی دادوەری تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا سێ خولى شياندن و په‌ره‌پێدانى تواناكانى به‌ڕێوه‌بردووه‌

وه‌زاره‌تى دادى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئامارى كار و چالاكييه‌كانى په‌يمانگه‌ى دادوه‌رى له‌ ساڵى ڕابردوودا بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ پەیمانگەی دادوەری تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا سێ خولی شیاندن و پەرەپێدانی تواناکانى بۆ ٧٨ فەرمانبەرى یاسایيی دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستان ئه‌نجام داوه‌.
هەر لە ساڵی ڕابردوودا، پەیمانگەی دادوەری بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی یونیسیف و یوئێندیپی، توانیویەتی ڕێبەرێکی یاسایی بۆ چۆنيه‌تيى لێکۆڵینەوە لەگەڵ نەوجەواناندا دەربکات.
پەیمانگەی دادوەری لە ساڵی ٢٠١٢ــەوە دەستی بە ئەنجامدانی خولەکانی کردووە و تا ئێستا چوار خولی ئەنجام داوە، ١٤٢ دادوەر و ٥٤ ئەندامی داواکاری گشتی لەو خولانە دەرچوون و لە دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستان ده‌ست به‌كار بوونه‌.
پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بە پێی یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و تایبەتمەندە بە ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و کردنەوەی خولی پەرەپێدانی تواناکانیان.